کۆمەڵگای نەخۆش
سەرلەبەیانی بەر لە هەمووان، خزمەتکاری فەرمانگە هات و دەستی کرد بە خاوێنکردنەوەی دیوەکان و پاشان چایی لێنا.
وردەوردە فەرمانبەرەکان هاتنە ژوورەوە و لە شوێنی خۆیان سەقامگیر بوون. جگە لە یەکێکیان کە چاویلکە لەچاو بوو کەسیان دەستی بە ئیش و کار نەکرد. ئەوانی دیکە خەریکی خویندنەوەی ڕۆژنامە بوون و باسی ناڕێکیەکانی کۆمەڵگایان دەکرد. پاش هەمووان بەرپرسی دایرەش هاتە ژوورەوە. لەڕێوە وەکوو هەموو ڕۆژان تەلەفوونی بۆ چەند کەسێک کرد.
خەڵک له نێو حەوشە و بەردەرگای دیوەکان چاوەڕێ بوون.
یەکێک لە فەرمانبەرەکان وتی: ئامۆزام لە قەراخی شار باخێکی خنجیلانەی هەیە، کردوویەتە شوێنی گەشتیاری. داهاتی شەوێکی بەقەدەر مانگێکی ئێمەیە. ئێمەش دڵخۆشین کە کاربەدەستین و مووچەخۆری دەوڵەتین. ئەوی دیکە وتی: ئاواڵزاوام ساڵێ دوو، سێ خانوو ساز دەکات، داهاتی ساڵێکی لەو سی ساڵ خزمەتەی من پترە...
خزمەتکار، نانی گەرم و چەند جۆرە خواردەمەنی هێنا. لەسەر سفرەش هەر باسی کڕینی ماشێن و گرتنی قەرز لە بانک و ئەوانە بوو. یەکێکیان لە ناکاو وتی: ئەمڕۆ سەری مانگە. مووچەکانمان هاتووە. با کابرای خزمەتکار بنێرن هەتا پاکەتی مووچەکانمان بۆ بێنێت.
هەموو سەری مانگان چەرچیێک دەهات، وێنە و نموونەی عەتر، جگەرە، دۆشاوی هەنار، هەنگوین و...دەهێنا. هەرکامە چەند شتێکیان هەڵبژارد کە سبەینێ بۆیان بێنێت.
کاژمێری یازدە یەکێکیان وتی: ئەرێ ئەو کابرایە بۆ هەر نەهاتەوە؟ یەکیان ڕۆیشت هەتا بزانێ کابرای خزمەتچی، چی بەسەرهات؟ دەرکەوانی دەرکەی سەرەکی وتبووی هەر کاتژمێری نۆ دیومە کە چۆتە دەرەوە. لێیان بوو بە دڵەڕاوکە. ئاخۆ کابرا چۆن مووچەی مانگێکی ئەو چەند کەسەی لەگەڵ خۆی بردۆتە نێو شاری؟ مەبەستی چ بووە؟ ئەگەر لێی بدزن، چی؟ یەکێکیان وتی ئەگەر هەڵاتبێ و مووچەی مانگانەی ئێمەی ڕفاندبێت چی؟ خۆ لەم ڕۆژگارەدا پارەت لەدەس دەرچێ، گەڕانەوەی نییە. مەگەر هەر سیر بخۆین و سوڕنا بژەنین. بەم قسە هەرکامە بە جۆرێک چوونە دەریای بیر و خەیاڵەوە. چەند کەسیان لەبەرخۆیانەوە دەستیان کرد بە لێکدانەوە کە ئەگەر کابرا بەو پارەوە هەڵاتبێ، ئەم مانگە دەبێ لە خەڵکی داوای بەرتیل و ڕیشوەی زۆرتر بکەن هەتا خەرج و بەرجی ماڵیان کەمی نەهێنێت. یەکێکیان کە خێزانی دەوڵەمەند بوو لەبەرخۆیەوە وتی: ناچارم ملکەچی لای ژنەکەم بم کە لە تەخشان و پەخشانی خۆی کەم کاتەوە و خەرجی ئەم مانگەی من و منداڵەکان دابین بکات. ئەوی دیکە دەیگوت پاش دوایی هاتنی کاری ئەمڕۆ، دەچمە بازاڕ. لەو چەند کەسە کە سوودخۆری نێو بازاڕن دەبێ بڕێک پارە وەربگرم. چەند جاری دیکەش پەنام بۆیان بردووە. جەنابی بەرپرس تەلەفوونی بۆ چەند شوێنێک کرد کە ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان واژۆ نەکردووە کە مووچەی ئەم مانگەمان وەرگرتبێت. کەچی وتیان کارەکەتان لە بناغەوە جێی پرسیارە. خۆ ئەوە یەکمجار نییە ئەو کابرایە بە دوای مووچەی مانگانەدا دەنێرن...
تەنیا کابرای چاویلکە لەچاو یەکڕاست گەڕایەوە بۆ ماڵ. بەشەرمەوە دانیشت و بە خێزانی گوت: با منداڵەکان نەزانن، ئەم مانگە هیچ شک نابەین و مووچەکەمان فەوتا. خێزانی وتی: چۆن فەوتا؟ خۆ کاتژمێری دەی بەیانی کابرای خزمەتکار هات و پارەکەی هێنا و وتی خۆت مووچەی مانگانەکەت ناردۆتەوە!!!
ڕۆژی دوایی پولیسیان تێگەیاند. پولیس لە پێشدا سەبارەت بە کابرای خزمەتکار پرسیاری کرد. وتیان پیاوێکی پەنجا ساڵەیە. خوێندەواری کەمە. جگە لە چەند جار کە نابەجێ باسی سیاسەتی کردووە، هیچی دیکەمان لێ نەدیوە.
پولیس چوونە بەردەرکەی ماڵە کابرا. ژنێک کە چاوێکی کوێر بوو دەرکەی کردەوە. زانیان خێزانیەتی. دیواری حەوشە ڕووخا بوو. نێو ماڵ دەتگوت چادری قەرەچییە. ژنە دەیگوت کچێکیان هەیە کە بە مێردیان داوە و لە شارێکی دوور بە کرێکاری دەژین. بە چەند ساڵ جارێک دێنەوە باوان. کوڕێکیان هەبووە کە چەند ساڵ بەرلە ئێستا ماشێن لێی داوە...
زانیان کابرا دوانیوەڕۆی هەموو ڕۆژێ دەچێتە چایخانەی گەڕەک. چەند مانگە کچێکی غەریب کە لە ماڵە باوکی هەڵاتووە، دێتە بەر چایخانە و لەگەڵ کەسانێک دەچێ. کەچی ئەوە دوو ڕۆژە هەم کابرا و هەم کچە نادیارن...
کابرای خزمەتکار و کچە لە هوتێلێک لە قەراخی دەریای باکوور ڕایدەبوێرن. کچە بە نازەوە داوای هەر شتێک دەکات کابرا بۆی دەکرێ. پاش نزیکەی مانگێک ڕژاندن و پژاندن، کاتێ ئەسپێ لە گیرفانی کابرا کەوتە هەڵپەڕکێ، کچە ڕێگای خۆی دەگرێ و دەڕوا.
ڕۆژێک لەنێو بازاڕ، پولیس دەستی نایە سەر شانی کابرای خزمەتکار...
"نجیب محفوظ ١٩٦٣/ محمدجواهرکلام"
خوێنەری هێژا!
کاتێ باری ژیان نالەبارە، ئیتر کەس بۆ ئیش و کار وەکوو ئەرکێکی کۆمەڵایەتی ناڕوانێت. لە باتی ویژدانی کاری، هەرکەس هەوڵ دەدات بەشی زۆرتر هەڵکڕێنێت.
کەس دز و درۆزن لە دایک نابێت. کێشەکان ساڵەهای ساڵ لەسەر یەک کەڵەکە دەبێت و ڕۆژێک دەبێتە هۆی ریسوایی.
باسی کەسێک و دوان نییە، ئێمە کۆمەڵگامان نەخۆشە.
عیسا ئەحمەدی ١٤٠٣/١١/٢٠
🆔
@zsirwa