یەکەم سێو ، یەکەم یاسای ڕاکێشان تا ناخ ، ئەو سێوە لە یەکەم درەخت کنایەوە دەرختی جوانی تۆ بوو ، یەکەم شەرتی نازکێشان و نرخی ئەو هەموو ژیانەیە تا ئێستا ملوێنان پیاوی کوشتووە ، ملوێنان تاوانی خۆشویستنی لە دەفتەری بوونا تۆمار کردووە نەوەک نەزانن بۆ لێرەین ، تۆ خوات لە تەنیایی کێشایە ئەم گۆڕەپانی ئاشکرا بوونە ، ڕووی کرایەوە کاتێ ملوێنەها ساڵ نامۆیی و غەریب بوونی بە کۆڵ هەڵگرتبوو ، تۆ فێرت کرد ئاشقەکان بنووسێتەوە بە ئاوی خولقاندن ، یەکەم سێوستان سینەی تۆ بوو ، بەری بەخت و کەندنەوەی جوانی لە تۆوە داکەوتە چۆڵەوانی زەوی ، پێش نیۆتۆن ڕاکێشان لە تۆوە فێر بوو دابێتە عەرز ، ڕاگرتن لە تۆی بینی هەڵواسراوی خۆی بە درەختا بنەخشێنێ، تۆ شەیتانی واقیعەکانت لە دەرکراوی گەڕاندەوە ، شەڕی خواوەندەکانت کردە دیاری لە گۆڕەپانەکانی مەدەنیەتا بۆ بزەی سەر لێوی نەوەکانی پرسیار ، زڕیەتە یاخییەکانی گومان ، یەکەم ئایەتی خۆشەویستیت کردە ملی پیاو تا تەوقی سەرگەردانی بترازێنێت ، تا ڕەواندنەوەی وەهمەکان ، تۆ گاڵتەت بەو لەشە سەرابیانە ئەهات مانەوەی تاهەتایی سارد و بێ ڕۆح ، گەرمی بازاڕی نازاریت نایەوە وەک شەڕێکی شیرین ، شەڕێک هەموو شاعیران و گۆرانیبێژان ، شازادە و گەداکان ، دڕندە و بێتاوانەکانت کرد بە گژی خۆ پاراستن لە نەهی و حەرامەکان ، لەوەتەی یەکەم سێوی تۆ شیری خۆشەویستی تێزا ، قەڵەم نەماوە لە ئاستت زوانەگڵاوە و ترەتری پێ نەکەوتبێ ، شازادە نەبووە خۆی وەک پێڵاوەکانت لە زەوی نەخشاندبێ ، گەدات نەدیوە جوانترین کۆشکی بەختەوەریتی بۆ هەڵ نەچنیبێ لە خەیاڵ ، دڕندە نەبووە کلکە سووتێی نەکردبێ لە بەردەمتا بۆ لەتێ ئەرێ ، بێتاوان نەماوە بۆت نەبووبێتە قوربانی کە نەیتوانی بتگاتێ ، منیش ئەی یار ، یەکەم سێو نەبوویت درایتە دەرخواردم ، یەکەم ئازار بوویت ، یەکەم ڕاهاتن بوویت بە ئەشق ، بەو چێژە حەرامانەی حەڵاڵەکانیشی پێوە خۆشتام کردبوو ، یەکەم ئادەم نەبووم ، یەکەم بەختی هەڵواسراو بە چڵی ئەو درەختانا بووم کە ڕیشەیان، کە لق و پۆیان لە تۆوە پەلیان بۆ دوور هاویشتووە ، من گەڵای هەڵوەریوی سەدان جار سەوزۆ بووی بن سێبەرێکم ، چی بەهارە ژیانەوەم لە تۆوە دەست پێکردووە ، چی پاییزیشە لە خۆما شێعراوم لە جوانی تۆ لێ چۆڕاوە ، سپێتی بەفر و گەرمی هاوینیش پێکەوە تواونەتەوە و هەڵ لەرزیون بە بوون و نەبوونت ، دوا سێو هەمان ئەو سێوەیە شارستانیەتی لێ کراوە بە خۆشاوی شەوانی بێتاقەتی و تەنیایی ، یەکەم سێویش تۆ فێرت کرد ڕاکێشان بناسێ بەرەو پیاو .
🆔 @zsirwa
🆔 @CheshtiMjewriKurdistan
t.me/joinchat/AAAAAEFe4_k6Lu_fEpqJIg
چێشتی مجێوری كوردستان
🆔 @zsirwa
🆔 @CheshtiMjewriKurdistan
t.me/joinchat/AAAAAEFe4_k6Lu_fEpqJIg
چێشتی مجێوری كوردستان