ئەمشەو تێگەشتم کە ئیتر قسەیەکم بۆ وتن نیە. وشک بووم. ئەگەر سینەم بکەیت بە دوو کەرتەوە، دەبینیت دڵیشم سیس و وشک ھەڵگەڕاوە؛ یەک ھەناری وشک بوو!. ژیانم لە بازنەیەکی دوبارەدا بەسەر دەبەم؛ کار، خەو، خواردن. کار، خەو، خواردن. مرۆڤی نوێ نابینم، کتێبی نوێ ناخوێنمەوە، گوێ لە گۆرانی نوێ ناگرم و ڕقم لە ھۆنراوە دەبێتەوە. ھەموو پەیوەندیەکان ڕەت دەکەمەوە و ھیچ گفتوگۆیەکم لە پێنج خولەک تێپەڕناکات. نازانم چی دەبێتەھۆی ئەوەی ھەستکردن بە تەنھاییم ھێندە گەورە ببێت. جاران کێشەم لەگەڵ تەنھاییدا نەبوو. ئێستاش نازانم کێشەکەم لەگەڵ تەنھاییدا ھەیە، یان ئەوەی کە ھیچ قسەیەکم نەماوە؟ نازانم. ھیچ ڕێگەچارەیەکی نوێم ناوێت، شەوان چاکەتێک لەبەردەکەم، پوتێکی کۆنە لەپێ دەکەم و تەنانەت تۆزەکەشی ناسڕم. دەڕۆم تا سەر کۆڵانەکەو دەگەڕێمەوە. ناشزانم چیم دەوێت...بیرمکەوتەوە؛ من نە ھۆکارێکم بۆ ژیان ھەیە، نە ھۆکارێکیش بۆ مردن…
#Eso💎
#Eso💎