هەڵەبجە لە شازدەی ئاداری ١٩٨٨دا
حەمەسەعید حەسەن
سەر لە بەیانیی شازدەی ئاداری ١٩٨٨، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بە ئاسمانی شاردا خولانەوە. سەعات یازدەی پێش نیوەڕۆ بوو، کارەبا نەبوو، دوو پێشمەرگە میوانمان بوون. هێشتا دەستمان لە خواردن نەکێشابووەوە، دەنگی فڕۆکە هاتەوە. یەکەمین هاژەک ڕووی کردە ئێمە، دوای ڕەوینەوەی دووکەڵ، خۆمان ژمارد، کەسمان ناتەواو نەبوو. سەرنجم گرتە سەعاتەکەم، دە خولەک لە یازدە لای دابوو. هەموو بەرەو ژێرزەمینەکە هەڵاتین.
هێندەی نەبرد ژێرزەمینەکە سیخناخ بوو، ژێرزەمینی پیاوان و ژنان جیا بوون. ترسی چەکی کیمیاییمان هەبوو. خاولی و سەتڵەئاومان لەکن بوون. فڕۆکەکان پەیدا بوونەوە. گرمەیەکی مەزن سەرخانی خانووەکەمانی وەک بێشکە هێنا و برد. ناڵەی هاژەک، هاوار و نزای ژنان و گریانی منداڵان، تێکەڵ بووبوون و ترسناکترین سیمفۆنیای مەرگیان پێک هێنابوو. دیسان فڕۆکە بێدەنگییەکەی شڵەقاندەوە، هەموو هانایان برد بۆ خوا، ناوی خوا وەک تەرزە لە دەمیان دەباری. لەوە دەچوو لەبەر دەنگی فڕۆکە و گرمەی هاژەک، كەس گوێی لە هاواری خەڵکەکە نەبێت. هاژەکباران بە چڕی دەستی پێ کرد. لە ئاسمانەوە هاژەک دەباری، لە ژێرزەمینەکانیشەوە، تەرزەی ناوی خوا.
هاژەکێک بەسەرماندا هاژەی کرد، تێپەڕی و گرمەی نەهات، گوتمان ئۆخەی نەتەقییەوە. هێندەی پێ نەچوو، بۆنێک کە لە بۆنی سیر دەچوو، هەوای ژێرزەمینەکەی گرتەوە. بیستبوومان گازێکی ژاراوی هەیە، بۆنی سیری لێ دێت. خاولییەکانتان تەڕ بکەن و بیگرن بە دەموچاوتانەوە، یەکێک وای گوت. تارماییی مەرگ سەرەتاتکێی لەگەڵ دەکردین. لەوە دەچوو لەناو کەشتییەکی تێکشکاودا بین و چاوەڕوانی نوقمبوون بین. ژێرزەمینەکەمان وەک گۆڕ دەهاتە بەر چاو، کە بای مەرگ هەڵی کرد، خەڵکی ژێرزەمینەکە جارێک لە خوا دەپاڕانەوە و جارێکی تر ئۆباڵی چارەنووسی خۆیان دەخستە ئەستۆی هەندێک لایەنی پێشمەرگە.
زوو زوو ئاوی سەتڵەکانمان دەگۆڕی، لە کاتی ئاوهێناندا، دووکەڵی گازە کیمیایییەکەمان دەبینی کە لە گەڕەکی جوولەکانی دابوو. فڕۆکە سەری هەڵدایەوە، مەزنترین گرمە هەڵسا، ناوچەکەی هەڵتەکاند. کیسەڵ ئاسا سەرێکم لە قاوغی ژێرزەمینەکە دەرهێنا، بینیم ژێرخانەکەمان بووە بە سەرخان، قاتی سەرەوە گسکی لێ درابوو. لەولا تریش ماڵێک تەواو خاپوور بووبوو، بۆشکەیەک نەوت گڕی گرتبوو، بۆنی گاز لووتی دەچووزاندەوە. چونکە ژێرزەمینەکە لە کەڵک کەوتبوو، بڕیارمان دا چۆڵی بکەین. هەندێک دەیانگوت: با ڕوو بکەینە دەشت، بەشێک پێیان وابوو، باڵاخانە پێنج نهۆمییەکەی بەشی ناوخۆی قوتابییان چاکترە. یەکێکمان ڕشایەوە، لەبەر مندالەکەی نەیپەرژابووە سەر خۆی. باشتر ڕشایەوە، ئەگەرنا دەمرد، یەکێکمان وای گوت.
لەسەر سنووری وڵاتی ژیان ڕاوەستابووین، چاوەڕوانی ڤیزەی مەرگمان دەکرد، گوێمان لە دەنگی پێی ئەو پۆستەچییە بوو کە دەمانزانی نامەی مردنی خۆمانی پێیە. بەم هەستە سامناکەوە، بەرەو ژێرزەمینی باڵاخانەکەی قوتابییان بەڕێ کەوتین. لەوێیش فڕۆکە لێمان نەگەڕا، بای مەرگ لەوێشی هەڵکەندین. چاوانمان لێڵ بوون، بەجۆرێک سەرمان لێ شێوابوو، ئاومان لەبیر چووبوو. هێدی هێدی کیمیایی سەختتر کاری تێ دەکردین، ڕوومان کردە دەرەوەی شار، ڕێگەی ئێرانمان گرتە بەر. نیو سەعاتێکی مابوو، خۆر ئاوا ببێت، ڕوانیمان لە هەموو لایەکەوە، خەڵکی شار ڕێچکەیان بەستووە و بەدەم گریان و هاوارەوە هەمان ڕێیان گرتووەتە پێش.
خۆمان ژمارد، برا بچووکەکەم دیار نەبوو، ئەملا برا، ئەولا برا، برا نەبوو. هەموومان وشک بووین، باوکم بۆی گەڕایەوە. پێش هاتنەوەی باوکم، بە دیداری برا شاد بووینەوە. ئەو پێش ئێمە لەگەڵ دراوسێیەکماندا ملی هەمان ڕێی گرتبوو. ڕۆژێک بوو دایک منداڵ، برا برای لە بیر دەچوو. ئەو شەوە خەڵکی هەڵاتووی هەڵەبجە، ڕێبواری ئەو شاخوداخانە بوون. بەو تاریکەشەوە هەر ڕێمان دەکرد، لە پاشماوی لەشکرێکی تێکشکاو دەچووین. فڕۆکەکانی سوپای (دلێر)ی عێراق، بۆ سبەینێیش تا سەر سنوور هەر بە دوامانەوە بوون. دواتر زانیم گەڕەکی ئێمە: سەرا، بەبەراورد لەگەڵ گەڕەکاکانی تردا، قوربانیی کەم بووە، قوربانیی لەژمارەنەهاتوو، پیر محەممەد و پاشا و جوولەکان دابوویان. تەرمی ئەوانەی بەرەو دەرەشیش و عەنەب هەڵاتبوون، ڕێگەی ئەو دوو گوندەی داپۆشیبوو. ئێمە هەموومان دەرباز بووین، بەڵام زۆر خێزان کەسیان قوتار نەبوون. ژمارەی قوربانییانی ئەو ڕۆژە پێنج هەزار بێ تاوان و بێ دەسەڵات بوون یان زیاتر، هێشتا ساغ نەبووەتەوە، هەرگیز ساغیش نابێتەوە.
ئەمە هەر لە کولتووری بەعسدا هەیە، کە لەبەردەم هێرشی میلیتاردا تێک شکا، تۆڵەی لە خەڵکی سیڤیل کردەوە. لەو ڕۆژەدا بەعس بەسەر خەڵکی بێچەکی هەلەبجەدا، بەسەر باخ و کانی و باڵندەی هەڵەبجەدا، بەسەر پیر و مندال و ژنی هەڵەبجەدا سەرکەوت، بەعس لەمێژبوو تنۆکێک ئاوڕووی نەمابوو، ئەگەرنا ئەو سەرکەوتنە ئەوەیشی دەبرد.