ژنێک تاتۆ دەکەمە کاتمەوە
.
.یوونس ڕەزایی
.
.
خەونم دیوە؛
دەریا بۆتە نیشتمانم
گەمییەکم چێکردووە لە گۆرانی و
خەریکی کشت و کاڵی تۆفانم.
بەستێن تا بەستێن دەکێڵم
بنەتووی شەپۆل دەچێنم
دەمهەوێ بگەمە جەنگەڵێک لە ئاو
و
باخێک لە رووناکیی ماسییەکان.
تۆوی لەیلووپەڕ دەچێنم
ئاسۆ تا ئاسۆم هەر خەریکی زاوزێی هەتاوە.
لەسەر هەر گوڵێک ژنێک دانیشتووە و
دووگیانی دارە
ژێر هەر دارێک شەقامێک راکشاوە
و
چاوەڕێی حیلەی رووبارە.
من لە شارێک دەگەڕێم لەسەر دەریاکان
هەموو بەستێنەکانی بە ئاور تەندرابێ.
لە هەر کۆڵانێکی لقێک گوڵی یاغی و
فانووسێکی دەریایی دەمەو ئێوارە
داندرابێ.
هەموو رۆژانی هەینی رێگا ون دەکەم
رچەیەک دەگرمە بەر بگاتە ئاژاوە
یاغی دەبم
لە کاتێک دڵتەنگیی بژی
روو دەکەمە ئاقارێک
فانووس ناوی بێ
بن بەستێک؛ تابڵۆی مێوینە پێوە و
ناونیشانی هەتاوی بێ.
هەر پیاوێک ببینم
بە شوێن باڵێک دا ئاوارە
لقێک گوڵ پێشکەش تەنیایی دەکەم
دەڵێم گۆرانییەک هەڵبکە رووناک بێتەوە
دوورگەیەکی ئەو دەریایە.
هەر ژنێک ببینم
ناونیشانی کاتێک بپرسێ رووناک
وێنەیەکی ئاسمانی بۆ رادەدێرم
دەڵێم: دەستت بکە مانگ
و
بیبەخشە بە شیناییەکان.
هەموو نیشتمانم داپۆشراوە
بە گوڵی لیلوپەڕ
لە هەر گوڵێک دا کیژێک لە دایک دەبێ
تاجی گڕی لەسەر ناوە
و
دانیشتووی ناو کۆشکی ئاوە.
من بەو ئێوارەی هەینییە
کە رێگا گشت داخراون
بە رووی تەمەنی گیادا
دیسان هەر جوانیی دەچێنم.
لەو ساتەدا
کە جیهان لە گۆ کەوتووە
ژنێک کە ئاماژەی فانووسی دەریایە
بە زمانی ئاو دەدوێنم.
کچێکیشم
دۆزیوەتەوە لە شەقامی رێبەندان
گەردنی لە تەم هێناوەتە دەر
دەستیشی لە تاریکایی کات رەخسیوە
ئەو کچە وا
گوڵێکی لەیلووپەڕی لە لا ملی تاتۆ کردووە و
بەرە بەرە دەبێتە چۆم.
خەونم دیوە
کەسێک لە باوەشم دا
لە دەریاش تێپەڕیوە.
من لە نێوان باسکەکانی دا
کە لەیلووپەڕی ئێستایە
هەموو رۆژێ
جارێک لەدایک دەبمەوە و
تا دوورەدەست لە نیشتمانم دەڕوانم
کە پڕ بووە لە گەرای شەقامی دونیا
لەو ناوەختەی وڵاتم دا
فانووسێک دەخوازم لە باغ
لە ژێر نسێی دا
دەبم بە بوودا.
@younesrazaie
.
.یوونس ڕەزایی
.
.
خەونم دیوە؛
دەریا بۆتە نیشتمانم
گەمییەکم چێکردووە لە گۆرانی و
خەریکی کشت و کاڵی تۆفانم.
بەستێن تا بەستێن دەکێڵم
بنەتووی شەپۆل دەچێنم
دەمهەوێ بگەمە جەنگەڵێک لە ئاو
و
باخێک لە رووناکیی ماسییەکان.
تۆوی لەیلووپەڕ دەچێنم
ئاسۆ تا ئاسۆم هەر خەریکی زاوزێی هەتاوە.
لەسەر هەر گوڵێک ژنێک دانیشتووە و
دووگیانی دارە
ژێر هەر دارێک شەقامێک راکشاوە
و
چاوەڕێی حیلەی رووبارە.
من لە شارێک دەگەڕێم لەسەر دەریاکان
هەموو بەستێنەکانی بە ئاور تەندرابێ.
لە هەر کۆڵانێکی لقێک گوڵی یاغی و
فانووسێکی دەریایی دەمەو ئێوارە
داندرابێ.
هەموو رۆژانی هەینی رێگا ون دەکەم
رچەیەک دەگرمە بەر بگاتە ئاژاوە
یاغی دەبم
لە کاتێک دڵتەنگیی بژی
روو دەکەمە ئاقارێک
فانووس ناوی بێ
بن بەستێک؛ تابڵۆی مێوینە پێوە و
ناونیشانی هەتاوی بێ.
هەر پیاوێک ببینم
بە شوێن باڵێک دا ئاوارە
لقێک گوڵ پێشکەش تەنیایی دەکەم
دەڵێم گۆرانییەک هەڵبکە رووناک بێتەوە
دوورگەیەکی ئەو دەریایە.
هەر ژنێک ببینم
ناونیشانی کاتێک بپرسێ رووناک
وێنەیەکی ئاسمانی بۆ رادەدێرم
دەڵێم: دەستت بکە مانگ
و
بیبەخشە بە شیناییەکان.
هەموو نیشتمانم داپۆشراوە
بە گوڵی لیلوپەڕ
لە هەر گوڵێک دا کیژێک لە دایک دەبێ
تاجی گڕی لەسەر ناوە
و
دانیشتووی ناو کۆشکی ئاوە.
من بەو ئێوارەی هەینییە
کە رێگا گشت داخراون
بە رووی تەمەنی گیادا
دیسان هەر جوانیی دەچێنم.
لەو ساتەدا
کە جیهان لە گۆ کەوتووە
ژنێک کە ئاماژەی فانووسی دەریایە
بە زمانی ئاو دەدوێنم.
کچێکیشم
دۆزیوەتەوە لە شەقامی رێبەندان
گەردنی لە تەم هێناوەتە دەر
دەستیشی لە تاریکایی کات رەخسیوە
ئەو کچە وا
گوڵێکی لەیلووپەڕی لە لا ملی تاتۆ کردووە و
بەرە بەرە دەبێتە چۆم.
خەونم دیوە
کەسێک لە باوەشم دا
لە دەریاش تێپەڕیوە.
من لە نێوان باسکەکانی دا
کە لەیلووپەڕی ئێستایە
هەموو رۆژێ
جارێک لەدایک دەبمەوە و
تا دوورەدەست لە نیشتمانم دەڕوانم
کە پڕ بووە لە گەرای شەقامی دونیا
لەو ناوەختەی وڵاتم دا
فانووسێک دەخوازم لە باغ
لە ژێر نسێی دا
دەبم بە بوودا.
@younesrazaie