ماڵێک بە ئەستوونی بارانەوە
.
یوونس ڕەزایی
.
.
ماڵێکم دەوێ پەنجەرەیەکی بێ
هۆدەیەکیش بۆ ژنێک
ئەلفم لەگەڵ لەت بکا
بێتە دوان بە نیگای و
ئەوەی دەیبینێ بیبیستم بە زمانم.
بەیانی لە سەر سوێمەوە
زەردە بدا باڵندەیەک
کە هەموو تەمەنی هەتاو
لە هەڵفڕینی ئەودایە.
چینە بکا لە بەر هەیوانی غەریبی و
لاپەڕەکانی سەفەری بۆ رادێرم.
ماڵێک لە ئەلف و بێی دڵتەنگی ساز دەکەم
بەدیار سەفەرنامەی کۆچەرێکەوە
دەبمە بەشێک لە نیشتمانێکی بێ ناو
کە لایەکی لە پاوانی شەوێک دایە
لایەکی بۆتە کێڵگەی ئەستێرە.
نیوەڕۆ چەندە دەرگای داخراو بژیم
کۆڵانە مۆنەکان هەڵدەمەوە
کە ناگەنە شەقامێکی مێوینە.
دەرگایەک دەخوازم کرابێتەوە بە رووی کاتی سەفەردا
تا گەڕانەوەم دڵنیابێ لە ئاوەدانی
رۆیشتنم رستەیەکی تێدابێ
بۆ سەردەمی پاش غەریبیی.
لەو نیشتمانەدا کە هەر غەریبی منە
ئاخۆ ماڵێک نییە
تێیدا دەستی ماناکانم بگرم
بڵێم ئۆخەی ئەوە دارە بە واتای چۆم
ئەو ئاوە بە واتای شاخ
ئەوە شاخە بە واتای شار
ئەوە منم بە مەبەستی هەڵفڕین
کە بریتییە لە باران.
ماڵێکم دەوێ لانیکەم دیوارێکی تێدا روابێ
کە لە ئاسمان دوابێ
و
کاتی شەکەتی لە زوازێی خەمۆکیی
لەگەڵ کچێکی مەیلەو باخ
پاڵم بە شانییەوە دابێ.
ماندوو
لە گەڕانی وڵاتێکم؛ بێ هەور
لە سەفەری هەورێکم؛ بەدەر لە نەخشەکانی کەشناسی
لە نەخشەیەک؛ کە لانیکەم ناوی منی تۆمار نەکردبێ
وەک ئاوەدانی.
ئەلفێک لەت دەکەم لەگەڵ بارانە
پیتێک بەش دەکەم لەگەڵ کڕێوە
لاپەڕەیەک دەنووسم وێڕای تەنیایی
کتێبێک بڵاو دەکەمەوە بۆ نیشتمان
کە لاپەڕەی هەزار و یەکەمی
ماڵی خۆمە.
@younesrazaie