بەیانیەی ڕێکخراوە فەرهەنگیی و خەڵکییەکانی مەریوان بە بۆنەی دووی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیزمان؛ دامەزراوە و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی – فەرهەنگییە و گرنگترین و دیارترین پێناسەی مرۆڤە و لە هەموو هۆکار و ئاکار و ڕوانگە و گۆڕانی ژینگەیی و بەها کۆمەلایەتیەکان کاریگەری وەر دەگرێت و کارتێکەری لە سەریان دەبێت.
زمانی دایکییش؛ وەک قووڵترین لایەنی شوناسی مرۆڤ، بەشێکی جیانەکراوەی بوونیەتی و لە پێکهاتەی کەسایەتی و گەشەی دەروونی تاکەکانی نێو کۆمەڵدا کاریگەریەکی یەکجار گرنگی هەیە و منداڵان لە ڕێگای زمانی دایکییەوە پەیوەست دەبن بە فەرهەنگ و مێژوو و خێزان و کۆمەڵگاوە و، کەسیەتی و شوناسیان سەقام دەگرێت.
بەرزڕاگرتنی ٢١ی فێورییە، وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی، مانابەخشی گرنگی پاراستن و بایەخی ئەو گەنجینە نایابەیە و، شێلگێری و پێداگری هەرچی زۆرتر بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی لاوازی و فەوتانی زمانی دایکی وەبیر دێنێتەوە.
دابڕان لە زمانی دایکی بە تایبەت لە بواری پەروەردە و وانیاری، لە وڵاتی ئێرانی هاوچەرخدا، بۆ نەتەوە نافارسەکان بە تایبەت بۆ نەتەوەی کورد، دەمانێکی زۆرە بووەتە سەرچاوەی ڕەنج و ئازارێکی کوشەندە و ناخ هەژێن و، منداڵان و فێرخوازانی ئێمەی بەرەو لێڵاوێک لە پەرێشانی و داهاتوویەکی ناڕوون و، قەیرانی شوناس تلاندووە و ڕادەی متمانە بەخۆ، یەکجار کەم بووەتەوە.
سیاسەتی زمانی لە یەک سەدەی ڕابردوودا، لە وڵاتی ئێران؛ بە گشتی سیاسەتی پیشێلکردن و تواندنەوە و کوشتنی زمانی نەتەوە چەوساوەکان بووە و سەپاندنی زمانی فارسیی بە سەر هەموو سیستەمە ئیداری و سیاسی و میدیایی و ئابووری و فێرکاری و پەروەردەیی وڵات، هیچ بنەمایەکی مرۆڤانە و نیشتمانی و نێونەتەوەیی نییە و داسەپانی یەک زمانی تایبەت، زمانەکانی دیکە بە تەواوی بێ بایەخ دەکات و مەترسی فەوتانیان لە سەر دەبێت.
ئێمە وەک ناوەند و ئەنجومەنە فەرهەنگی و خەڵکییەکانی مەریوان؛ وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی و ڕەخنەی توند لە بەردەوامی سیستەمی یەک زمان و یەک پێناسە، ڕادەگەیەنین کە سەردەمی یەکسان سازی زمانی و فەرهەنگی لە وڵاتانی فرە نەتەوە وەک ئێران، بەسەرچووە و پێویستە سیستەمی پلۆرالیسمی کولتووری و زمانی ببێتە ژێرخانی دامەزراوەیی و، خوێندن و نووسین و پەروەردە بە زمانی دایکی دابین بکرێت و یەک زمان و یەک فەرهەنگ نەبێتە سیاسەتی پەروەردە و پێناسە و شوناس و، زمانی فارسی وەک زمانی ناونج و هاوبەش بەکار بهێنرێت.
لە کۆتاییدا؛ وەک ئەرکێکی نیشتمانی، بۆ پاراستنی زمانی دایکی، بە وتەی گەورە نووسەری فەرانسەوی ئالفۆنس دوودە؛ "کاتێک نەتەوەیەک ئەسیر و ژێردەستەیە، مادام کە زمانەکەی پاراستبێ، وەک ئەوە وایە کلیل و هەڵگری زیندانەکەی بە دەست خۆیەوە بێت." ؛
لە هەموو دایک و باوک و ئەندامانی بنەماڵە، لە هەموو ڕۆژنامەوان و کەس و کەسایەتیەکی چالاک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، لە هەموو میدیاکاران و هونەرمەندان و فەرهەنگدۆستان، لە هەموو وانەبێژانی خوێندنگاکان و شوێنە پەروەردەییەکان، لە هەموو تاکێکی کورد کە سۆزی بۆ زمان و فەرهەنگ و نیشتمانەکەی هەیە و داهاتووی نەوەکانی وڵاتەکەی لا گرنگە، خوازیارین؛ تا کات و دۆخێکی هەموار کە زمانی کوردی ئەبێتە زمانێکی فەرمی و خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکیی بەستێنی بۆ دەڕەخسێت، بە هەموو شێوەیەک بۆ پەرەپێدان و خوێندن ونووسین و پەروەردە بە زمانی دایکی تێبکۆشن.
پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیڕێکخراوە فەرهەنگیی و خەڵکییەکانی مەریوان؛
ئەنجومەنی فەرهەنگی - ئەدەبیی مەریوان
ناوەندی فەرهەنگی - هونەریی ڤەژین
ناوەندی فەرهەنگی - زانستی ڕۆنان
ئەنجومەنی فەرهەنگی - ئەدەبیی ڕۆجیار
ڕێکخراوەی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان - یەمامە
ئەنجومەنی ژیانەوە
ئەنجومەنی سەوزی چیا
@chya_ngo