🟧
(ی)ی دانەپاڵ:نەنووسینی (ی)ی دانەپاڵ، واتا و مەبەستی نووسراوەیەک دەگۆڕێت، پێویستە (ی)ی دانەپاڵ بە شێوەی دروست بەکار بهێنرێت.
لە زمانی کوردیدا کاتێک کە دوو وشە پێکەوە گرێی ناوی یان هاوەڵناوی دروست بکەن، (ی)ی دانەپاڵ دەچێتە نێوانیان.
بۆ نموونە:
🔸ماڵی من، کوردی کوردستان، باڵی مریشک.
ئەمانە "گرێی ناوی"ن، لەبەر ئەوەی دیارخراوی گرێ، ناوە.
ناو + (ی)ی دانەپاڵ + ناو
🔸باڵابەرزی جوان، بێوێنەی تاک، خوێنتاڵی جوان.
ئەمانە "گرێی هاوەڵناوی"ن، لەبەر ئەوەی دیارخراوی گرێ، هاوەڵناوە.
هاوەڵناو + (ی)ی دانەپاڵ + ناو
کاتێک کە خودی وشەکە بە پیتی (ی) کۆتاییی هاتبوو دەبێت، پیتی (ی) کە ئەرکی دانەپاڵیی هەیە لەبیر نەکەین، لەبەر ئەوەی لەسەر واتا کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە.
بۆ نموونە:
جوان + ی + سەردەشت = جوانی سەردەشت: واتە، سەردەشت تۆ جوانی. لێرەدا مەبەست لە شاری سەردەشت یان کەسێکە کە ناوی سەردەشتە.
جوانی + ی + سەردەشت = جوانیی سەردەشت: واتە، جوانییەکانی سەردەشت. لێرەدا ئاماژە بە تایبەتمەندییە جوانییەکانی سەردەشت دەکات.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
✍نووسین و ئامادەکردنی: سینا ڕەحیمپوور@wiseykurdi1