بەخێر هاتی
سەگەلی ئاوایی دەوەڕین ـ سەگەكانی ماڵێیان تۆپاندبوو ـ كەلاكیان لە حەوشە كەوتبوو. جاروبار زرم و كوتی سمی ئەسپی ئۆقرەلێبڕاو دەهاتن، قاوقیژ و جیك و فیكی جووچك و مریشكی ترساو وڵاتی داگرتبوو... باش چاوشی1 و توركێك، بە ڕاكێش ڕاكێش مێرمنداڵێكیان لە كادێنێ دێنا دەرێ، ژنێك خۆی بەسەر كوڕیژگەكەدا كێشابوو و خۆی كردبووە قەڵغانی و هاواری دەكرد و لەگەڵ هاواركردنەكەیدا جاروبار دەپاڕاوە و هێندێجاریش جوێنی دەدا.
كوڕیژگە و داپیرە خۆیان بە عەرزییەوە مەڵاس دابوو ـ هەستیان بە مەترسییەكە كردبوو... داپیرە ئەزموونی هەبوو، منداڵەكە نێرینە بوو، مەترسیدار بوو، منداڵەش، وارسكەی وای پێ دەگوت. باش چاوش ئەفەندی جارێ بە قوونە تفەنگ و جارێ بە نووكە شەق دەیبزواندن... چەند كەسێك لەولاوە زراوچوو راوەستابوون، ژنەكان دەگریان، دەپاڕانەوە، باش چاوشی و سەربازێكی تورك پێشیان گرتبوون، كچۆڵەیەك خۆی بە دایكییەوە نووساندبوو، دایكە بە دەستێك لە سینگی خۆی دەدا و دەموچاوی دەڕنی و بە دەستەكەی دی كچۆڵەكەی گرتبوو ـ ڕەنگی بە ڕوخسارەوە نەمابوو و سیس ببوو، داپیرە هەروا خۆی بەسەر نەوەكەی كێشابوو و نەوەكەی دەیزیڕاند و ئەو هاواری دەكرد و باش چاوش ئەفەندی بە نووكە شەق و قوونە تفەنگ هەر هەوڵی دەدا... لە داخان و لە شەكەتیان پێستی دەموچاوی بە ئێسكی روومەتییەوە نووسابوو، چاوی زەق دەرپەڕیبوون... هانكەهانكی بوو. ئاخری كە لە تێهەڵدان و لێدان ماندوو بوو، تفەنگی خستە سەر پێ و لوولەكەی بە ژێر كڵۆنجەی پیرێژنەدا برد و بە لاسەری منداڵەوەی نا و پەلەپیتكەی ترازاند...
دەنگەكە لە تاریكیی شەوێ گەڕا و دەنگی زریكەیەك كە هیی مرۆ نەبوو، وەكوو لوورەی گورگێكی پێكراو دڕی بە هەوا دا ــ لەگەڵ هاوار و قیژەی بەرز و كورتی دەوروبەر... و دوورتر سەوەڕی سەگەلی گوند.... ماڵی ئاغا لە قەراغی دێ بوو.
ئەم كاكۆفۆنییە2، مۆسیقای راگەیاندنی هاتنی حكوومەتی مستەفا كەمال بوو: "ئەتاتۆرك، "باوك"ـی توركان و زڕباوكی كوردان.
پیاوانی گوند لە ئارارات بوون، كۆماری ئارارات لە ئاخروئۆخری خۆیدا بوو، شۆڕش لە دوا رۆژەكانی تەمەنیدا بوو. سەرباز، پێشتر سیپاڵی ماڵەكەیان فڕێ دابووە دەرێ، كۆز و دانگەكانیان بەتاڵ كردبوو.... مەلای گوند، بە قوڕئانەكەیەوە، وەكوو باڵوێزی دەوڵەتێكی چاولەدەست و بەزیو لە دانوستانی تەقەوەستاندن، بە ترس و لەرزەوە لەبەر باش چاوش ئەفەندی دەپاڕاوە و بەدەم پاڕانەوەكانییەوە جاروبارەش چەند ئایەتێكی قوڕئانی كەریمی دەكردە تكاكار... ژنان لە سەر و سینگی خۆیان دەدا و دەموچاویان دەڕنی. "خانم" ـ دایە گەورە ـ لە هۆش چووبوو. كچۆڵە خۆی بە داوێنی دایكییەوە نووساندبوو، دایكە ئارا و قارای نەبوو و لەبەر سائیم بەگ دەپاڕاوە ڕێی بدا تاوێك، خولەكێك، چركەیەك تەنیا چركەیەك جگەرگۆشەكەی ببینێ. بە ئەمری باش چاوش ئەفەندی پیرەپیاوێك و پیرێژنێك بە ترس و لەرز و دڕدۆنگییەوە لە خەڵكەكە جیا بوونەوە و تەرمی منداڵەكەیان هەڵگرتەوە، ساتێك دواتر، بە نیگای تۆقیوەوە چاویان بڕییە روخساری باش چاوش ئەفەندی كە بزانن چیی لێ بكەن... دیسان بە دڕدۆنگی كەوتنە ڕێ... دڕدۆنگ، لە ترسی ئەوەی نەكا لە پشتەوەڕا تەقەیان لێ بكەن.
رۆیشتن و دایكە بە هاوار و داد و بە نیگا و گیان و رۆحی لەگەڵیان و چاوی بەدوویانەوە، لە خۆی دا، رای كرد، خۆی ڕنی، بەڵام سەرباز ئەفەندی نەیهێشت. ژنە لە خۆی دا، زریكاندی و روومەتی ڕنی... مەلا بە قوڕئانەكەیەوە بە دووی مەیتهەڵگرەكاندا وەڕێ كەوت... و دایە دیسان لە بانگی دا... و لە خۆ چوو... ئەوە، بەرەبەیانی هاتنی حكوومەتەكەی مستەفا كەماڵ بوو، ئەتاتۆرك، باوكی توركان و زڕباوكی كوردان.
سائیم بەگ و باش چاوش ئەفەندی زۆر سەرقاڵ بوون: بە جڵەوكێشیی سائیم بەگ، نەوتیان بە هێندێ شوێنی ماڵەكەدا كرد.. باش چاوش ئەفەندی شقارتەی كێشا، ئاگر كڵپەی سەند... و بڵێسە هەستا و تاریكیی شەوەكە گەچڵا... ژن زریكاندیان... ئەو ئاگرەگەمەیە بە بۆنەی هاتنی حكوومەتەكەی مستەفا كەمال بوو ـ ئەتاتۆرك، باوكی توركان و زڕباوكی كوردان.
كچۆڵە هێور بوو... مات و سەرسام خۆی بە داوێنی دایكییەوە نووساندبوو و بە چاوی ترساوەوە پەنجە گەورەی دەمژی.
"خانمێ" نەوەی رۆستەم بەگ بوو؛ پاڵی بە ئەژنۆی پیرەپیاوەوە نابوو؛ كەڵەموستی پێی چەپی گرتبوو و منداڵانە خۆی رادەژاند و لەگەڵ خۆی قسەی دەكرد و جار نە جارێكیش پرسیاری باباغا كاوس و مامەسواری بە بابا غا دەكرد:
"چوونەتە شاری رۆڵە."
"چوونەتە دیار بەكر؟"
"ئەدی كچم."
"ئەی كەی دێنەوە؟ كەوشی سوولی چووكەم بۆ دێنن؟"
"ئا كچم، خۆ گوتم ئەگەر ئاقڵ بی، باش و خانم بی، بۆت دێنن."
كچە كەڵەموستی پێی بەردا و قیت بۆوە و خۆی وەك خانم و خاتوونان لێ كرد.
"... ئەگەر هاتنەوە و تۆ خەوتبووی، خۆم كەوشەكانیان لێ وەردەگرم و لە بن سەرتیان دادەنێم... باشە؟"
نووسینی دوکتور برایم یونسی لە کتێبی "بەخێر هاتی"
وەرگێڕانی ڕ سوڵتانی و لە کاناڵی تێلگڕامی بەڕێزیان وەرگیراوە
@mzravilka