شی کردنەوەی وشەیەک
((تێوەشاندن)) چییە؟
ساڵانی زوو کە بێهداشت و پاک و خاوێنی لەبەر نەبوونی ئیمکانات و پێداویستی لەوپەڕی لاوازیدا بوو، کێچ و ڕشک و ئەسپێ میوانی هەموو ماڵێکی بوون، وادەبوو لەبەر هێرشی لەشکری کێچان بە درێژایی شەو خەوت لێ زڕابا و بەیانی کە هەڵدەستای هەموو لەشت دەتکوت دەرزی ئاژن کراوە. هەر چەندی خۆشت لێ پارازتبان بەس بوو جارێک بۆ ساتێک لە ماڵیکی کێچاوی بمێنێوە ئیتر گەراکەت دەهێناوە و هەموو جل و بەرگ و نوێن و بانی لێ دادەگرتی و لە کون و کەلێن و گنجی پزوو و لامل و دەلینگاندا جێی خۆی خۆش دەکرد .
بۆ خەلاسی لەو لەشکرە بێڕەزا خوێن مژە, پزوویان دەپشکنی و بە دو نینۆکی قامکە گەورە دەیانکوشتن یان نێوە نێوە کابان جل و بەرگی حەشیمەتی ماڵێی دادەڕنی و دوای نان و تەندوور، کاسه و کەوڵی خڕ دەکردەوه و تەندوور کە هیشتا تینی مابوو ئەو جلە پڕ جڕوجانەوەرەی لە دەوری لێواری تەندوور هەڵدەسوڕاند و بە کوردی تێیدەوەشاند.
لێرەدا دەبوو بە تەق و تۆق و بۆگەنیوی ڕشک و ئەسپێ و کێچی سووتاو.
پیاوەکان زۆرتر سەرتاشراو بوون بەڵام پەلکە و پرچی هۆندراوەی ئافرەتەکان دەبوو به کانگای ئەو مڵۆزمانه هەر بۆیە خاتوونی ماڵ، دوای شیووکوڵ و شۆردنی منداڵەکانی دەرمانی ئیمشی کە سەمێکی زۆر کوشەندە بوو دە سەروسەکوتی ئەو مناڵە ناسک و ژیکەڵانەی هەڵدەسووت.
ئیمشی سەمێکی مەیلەو سەوز و زەرد بوو هەر ئەوندە خۆش بوو دو دڵۆپ لەو سەمە دە شووشەیەک ئاو کەی وەک شیر سپی هەڵدەگەڕا و ئەو ئاوەکێ سپییە گیراوەیان تێهەڵدەسووت، ئەگینا بە خالیسی مرۆڤی دەکوشت.
لە خوا بەزیاد بێ ئێستا کێها ماڵی فەقیره لە شای زۆر بە جاە و جەلالی قەدیم چاکتری دەگوزەرێنێ.
نازانم ناوی شۆرکەتان بیستوه یا نا؟!
لە ماڵەکان حەمام هەر نەبوو تەنانەت خەڵکی شاریش دەچوونە سەفی حەمامی خەزێنه و تیانه و نومرە. ڕۆژێکت وەخت بۆ حەمام دادەنا هەتا نۆرەت دەگەیی کە دەشهاتیە دەر ئەوەندە لفکه و بووزووت تێهەڵسوورابوو چڵکی مانگێکت لێ هەڵکڕابوو و سێ چوار توێخ پێستت لێ ببۆوه و وەک چەوەندەر, سوور هەڵگەڕابووی ئاوا کە هەر لە دوورەوە و دوای حەفتەیەک حەمام چوونت پێوە دیار بوو!
لە گۆرانییەکانا ڕەنگە بیستبت:
تۆز دەکا تۆز دەکا تۆزی نەرمە تۆز دەکا، ئەگەر دەچێ بۆ حەمام جحێڵان هاڵۆز دەکا...
لە گوندەکان و تەنانەت لە هێندێک شوێنی شاریشا چونکه تەویلە بە هۆی ڕیخ و پەین و پاڵ و هەڵمی ماڵاتەکان دایمه گەرمایەکی تێدابوو, سەکۆیەکیان لە گۆشەیەکی تەویلەوە بۆ خۆ شوتن بە نێوی شۆرکە ساز دەکرد.
لە سەر شۆرکە بە چەق و چۆ و لێوەلەرزە خۆت دەشۆرد و زۆر جار وشیاری خۆت نەبای لەوانەبوو زمانی مانگایەکت ڕە جەستەی خشابا!
ئاو گەرم کردن و خۆش کردنیشی لە سەر تەندوور بۆ ئەو هەموو منداڵ و هەزارەزیلەی بەرەی چەند برایان بۆخۆی حیقایەتیکی دیکەی لە پشتە.
@shnohewal