⭕️
رۆژی چوارشەممە رێوڕەسم یان زەماوەندی پیرشالیار بەڕێوەچوو، ئەم رێوڕەسمە گرنگترین رێوڕەسمی ئایینی- کولتووری هەورامانە و ساڵانە لە یەکەم چوارشەممەی نیوەی دووەمی دووەم مانگی زستان دەستپێدەکات و چەند رۆژێک دەخایێنێت.
🔻پیرشالیار ناوی پیرێکی ناوچەی هەورامان بووە، کە خەڵکی ناوچەکە بە کەسایەتییەکی گرینگ و خاوەن کەرامەتی دەزانن. بەپێی ئەفسانەکانی ئەو ناوچەیە پیرشالیار توانیویەتی بەهۆی کەرامەتییەوە، کچی پاشای بوخارا چارەسەر بکات کە دکتۆرەکان نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن، پاشای بوخاراش لەبەرامبەر ئەو کارەیدا کچەکەی پێداوە. رێوڕەسمەکانی ئێستای پیرشالیاریش دەبەسترێتەوە بە رووداوی زەماوەندی پیرشالیار و کچی شای بوخارا.
🔻ئەو گێڕانەوەیە مێژوویەکی دیاری نییە و هەندێک کەس بە 700 ساڵ پێش و هەندێکی دیکە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەری دەگێڕنەوە.
🔻رێوڕەسمی پیرشالیار بە چەند قۆناخێک دەکرێت. یەکەم قۆناخ خەبەرکردنی خەڵکە بە دابەشکردنی گوێزی باخی پیر و ئەمساڵ سێشەممەی هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو. قۆناخە سەرەکییەکە ئەمڕۆ دەستیپێکرد کە رێوڕەسمی وەک کڵاورۆچنێ، کۆتەکۆتێ، قوربانی، دەف و زیکر و هەڵپەڕکێ بەڕێوەچوون و سبەش بەردەوام دەبن.
🔻لە کاژێر شەش و نیوەی بەیانییەوە، منداڵان بۆ وەرگرتنی جەژنانەی لەدایکبوونی منداڵی پیرشالیار بەنێو شارۆچکەی هەورامان تەختدا گەڕان و جەژنانەیان وەرگرت. دواتر ئاژەڵی قوربانی سەربڕدرا و گۆشتەکەی لەنێوشاری هەورامان تەخت و گوندەکان دابەشکرا و خواردنێکی تایبەتیش لە ماڵی پیر ئامادەکرا. دوانیوەڕۆش دەروێشەکان بە دەف لەبەردەم ماڵی پیر زکریان کرد.
🔻کۆتایی رێوڕەسمەکەش نیشتەیە کە نوێنەرانی ناوچە و بنەماڵەکانی هەورامان لە ماڵی پیر کۆدەبنەوە. هەینی داهاتووش رێوڕەسمی تربێ بەڕێوەدەچێت کە دابەشکردنی جۆرە کولێرەیەکی تایبەتە و دەبردرێتە سەر مەزاری پیر لالۆ لە هەورامان و لەوێ لەگەڵ ماست دەدرێتە هاونیشتمانییان. بەوەش رێوڕەسمی پیرشالیاری ئەمساڵ کۆتایی دێت.
@PiransharMedia