@besnoor🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂
(دیالکتیکی ژنێکی تەنیا)
پرچێکی سپی لە بادا
حەشارگەی هەزار باڵی ون.
پرچێکی سپی لە بادا
پڕ لە سەدان زستانی سڕ.
پرچێکی سپی لەبادا
کڕێوەیە و
ژنێکە چەماوە بەسەر خاک دا.
لێی دەپرسم:
بۆ ئاڵۆزیی دەریات لە خۆت شەکەت داوە؟
کام هەواڵی کوت و پڕت بە بەفرەوە
بۆو دارانەی سەرشەقامی تەنیایی من
بە دیاری هێناوە؟
کڕێوەیە لەو ژنەوە کە هەر سپی دەچێتەوە
سەر رادەوەشێنێ و باڵندە
لە بادەوەی بسکی را پەڕەوازەی من دەبن.
لێی دەپرسم:
چت بینیوە لە تەنیاییم؟
وا بێدەنگ دادەباری
بە ئێوارەی من و شەقام دا.
مەگەر نەتدیت هەزاران پەیکەرەی سەهۆڵ
دەستیان راداشتووە بەرەو کۆڵانەکان؟
چما ئاگات لە زمانی بەستەڵەک نییە؟
بە بێ ژمار راوێژەوە دەمڵێتەوە!
شەپۆل دەکەوێتە بسکێک؛
سپی دەکاتەوە بە کاتی تاریکان.
ژنيک کە کۆتەڵێکە لە گریان
تێم دەڕوانی بە زمانێک
کە هەر باو بۆران دەیزانێ.
لێی دەپرسم:
چت بیستووە لە ئوستوورەکانی زامم؟
وا سوور دەکاتەوە چاوت
لە گێژەنی سپی باڕنی زمان دا
مەگین گوێت بۆ دەستەکانم رانەگرت؟
شەکەتی سەد بەهاریان تێدا مەییوە
چاوەکانمت نەبیست بە مەزەندەی دەریاکان؟
لە قەڵافەتی نەبەدی ژنیان روانیوە!
هەنگاوەکانمت هەست نەکرد؟
رێگا بە رێگای هەڵەمووتیان بڕیوە!
سەر رادەوەشێنی بەفرێکی
کە هەر مێوینەیی کاتە
لە هەر تاڵێک لە بسکییەوە
کیژێک دادەبارێ سپی
و
لە باڵی خۆی دا ون دەبێ.
لێی دەپرسم:
چت چەشتووە لە تاریکان؟
لە تەنیایی من
لە نێو دیوارە ئەنگوستە چاوەکان دا؟
کە وا رووناک سارد دەبییەوە.
ئەی تامی ئاوارەییمت نەکردووە یەستا؟
تاڵ و لێڵە!
وەک کاتژمێری سەردیواری بەندییەک
کە هیچ کاتێک ناناسێتەوە
و
بێدەنگە.
ژنێک سەرتاپا زستانە و دەحیلێنێ!
لەپرسیاری ترساوی من رادەمێنێ و
تەنیایی خۆی لەو سەرمایە دا دادەگیرسێنێ.
لێی دەپرسم
بۆنی کام شارت ون کرد بەیانی؟
بەرامەی کام شەقام نامۆ بوو بۆ دەستت؟
ئەی ئەو هەمووە گۆرانییەت بەسەردا نەچوو شەوانە؟
ئەی نەپشکووت لە زەمانت دا
ئەو گشتە حەیرانە؟
کە کچی عاشق تێی دا دەگرین و
لاوان تێیان دا دەکەن جۆلانە
بۆ بێدەنگی؟
ناوت چییە ئەی بسکی ئاڵۆزی کاتم؟
ژنێک لە بەفرا داگیرسا!
بەرە بەرە دێتەدەر لە تەمی پرچی و دەڵێ:
لاڤۆ!
ناوم نیشتمانە.
تا هەتەر دەکا زمانم
دەدوێم
لەو سنوورانەی بە لەشم دا برینن
و
ئێوەش دەیانکولێننەوە
بەسەرهاتی ئەو کێوانەتان بۆ دەڵێم
زستان و بەهاریان لە یەک گرێ دابوو
و
ئێوە تەنیاتان جێهێشتن
باسی ئەو بارانەش دەکەم
ناسیاوی پەنجەرەکان بوو
بەڵام پەژیوان بۆوە لە بارین.
لاڤۆ
ناوم نیشتمانە
ژ نێکم وەرزەکانم پێواوە
دانە دانە
لە بەهار دا چاوم کردەوە بە رووی ئینسان دا.
دەستم راداشتە بەیانیی
هەموو ئەو کەسانەی تامەزرۆی گەڵا بوون
دار لە سەر دار
چینەیان کرد بە پێستمەوە.
لە هاوین دا بوومە نسێ
میوانی هەموو رێبوارێک
هەر چڵێک لە دەستم ئاوسی جوانییەک.
پاییزان شێتیی شەقامم کردە ناسنامە
خشپەی رەنگ و
سرتەی ئەوین و
سروودی بایەک
کە بەردەوام بوو لە باخ
و
لە ئاوەدانی پێکەنین
زستانانیش هەزار و یەک شەو دەبوو دانیشم
بە دیار چیرۆکی جوانییەوە.
ئێستاش لە خۆرنشینی بەفردام.
دڵتەنگی هێلانەی کۆترە باریکەم
و
خەمۆکی رێگای کۆڵبەرێک
تەنیایی خۆی لە کۆڵ ناوە.
ئێستا لە دەمە دەمی ئاوابوونی بزەدام.
شار لە توێی کام نۆت دا خەوی لێکەتووە
کە وا بێدەنگی حەشر دەکا لە بڵواری سبەینێی؟
رێ بە کام پرسیار گەمارۆ درا؟
کە رێبوارەکان ونیان کردووە ناونیشانی بەیانیی.
لاڤۆ!
ناوم نیشتمانە
دوو باڵ دەبینم بە تەنیا
هەر کام ئاوارەی ئاسمانێک.
من باڵندەم رانەهێنا
واتای ئاسمانەکان بە تەنیایی تەعبیر بکا.
بسکم هێلانەی هەمووتان!
لەو زستانە تێدەپەڕم.
باڵ لە باڵی یەک بدەن
و
سنوورەکانم بپێون!
شیرم حەرامی شارێک بێ
ئاوێنەکانی شەقامی
هەموو کچانی باخ نەبن
بێ بەری بێ لە ئامێزم ئەو چیایەش
دەنگدانەوەی رووبار نەبێ.
# وێنس_ڕەزایی
@besnoor