مزراویلکە


Гео и язык канала: Иран, Фарси
Категория: не указана


مزراویلکە لانکێکی خۆڕاژێنی بەیت و باوی کۆنی دیوەخانانە بە ناردنی قسەی نەستەق و بابەتی فۆلکلۆری گیانێکی نوێ بدەنەوە بەر هەناوی ئەدەبیاتی زارەکی گەلەکەمان
پێوەندی لەگەڵ ئەدمین:
@MradBapirpour
@rahmani_138

Связанные каналы  |  Похожие каналы

Гео и язык канала
Иран, Фарси
Категория
не указана
Статистика
Фильтр публикаций


#هەژیر

شێخێک لە گەڵ موریدەکانی دانیشتبوون خەریک زیکر و کەرامات بوون
شێخ دوعای دەکرد کە داری ناو حەوشەکە بێتە لایان.
زۆری حەول دا دارەکە نەهاتە لایان
شێخ فەرمووی دارەکە نەهات خۆمان دەچینە لای دارەکە.


@mzravilka


#✍محەممەد بێهڕەوان - بۆکان

🌷برینی دڵ
دڵم لەتبوو بە تیغی تۆ لەشم کەوتوە لە تاڵاوت

دەبێ عەرزیش لە خۆی نەگرێ ئەوەی کوژرا بە دووچاوت

کە ساقی هات بە چاوی مەست مەلاو شێخی بە رەو پیل چوو

نەما ئیمان بە دوای یەکدا لە تاوی پەرچەمی خاوت

لەشی ساردم لە تاوی تۆ بە شادی دێ بە دوی تۆدا

زمان دەگرێ وەکوو منداڵ بە ڕۆژو شەو دەڵێ ناوت

زمان و لێو لە یەک گیر بوون لە بۆ ماچی لەبی لەعلت

کە گیرابوو  نیازی  دڵ  سەری  دانا لە پێناوت

دەڵێی کوڵمی گەشی تۆیە لە ئاسۆ زەردی ئێوارێ

کە تیشکی دێ بەرەو چاوم لە لای زولفی نەژاکاوت

نەبوو تیمار برینی دڵ بە دەستی دوکتۆری زانا

دەبێ گڵبێ بکا ساکیت ئەسیری تاڵەکەی داوت

سەرم گێژبوو لە گێژاوی ئەوینی پڕ شەپۆلی تۆ

نەجات بوونی بە بێ هوودە، لە خۆ مەگرە لە گێژاوت

ئەوەندەت دەرد بە دڵ داوە لە چاو خوێناو دەبارێنێ

سەری کاسم لە خوێن گەوزا بە دەردو کێم و زووخاوت


کە تۆ ڕۆیشتی نەما عاشق کە سالم بێتە سەر ڕێگا

دەبێ قیامەت بە دی بێنێ خەمی کێوی بە جێماوت

                               ١٤٠٣٫١٠٫١٠


@mzravilka


😂😂😂😂
با قسەی خۆش ون نەبێ

هاوکارێکمان گێڕایەوە، ساڵەکانی هەوەڵی خزمەتم (شێستەکان) لە یەکێک لە ئاوایەکانی مەهاباد مامۆستای قوتابخانە بووم.
ڕۆژێکیان کە خەریکی وانە گوتنەوە بووم ماڵێکی دراوسێی قوتابخانە تەندووریان داییسا و کابانی ماڵێ خەریکی خاوێن کردنەوەی حەوشە وحەسارێ بوو.
دوای ماوەیەک مەودای پشووی قوتابییەکان بوو. زەنگم لێدا و منداڵەکان لەپۆلەکانیان هاتنەدەر وبە قریوە قریوو دەنگەدەنگی منداڵەکان خاتوونی کابانی ماڵەکە زانی کە کاتی پشوودانی منە و هەربۆیەش سەرێکی دەرخست و بانگی(گازی) کردم: مامۆستا، مامۆستا!

گوتم: بەڵێ براژن، کارێکتان هەبوو؟

گوتی : فەرموو! نانی تازەم پێوەداوە هەرمێشکێکی سازبکە و بیخۆ با تۆزێک بحەسێیەوە.

هێندێکی ڕۆنی  زەنگ لە قاپێکدا هێنا و بۆخۆی دانیشتەوە و خەریکی نانکردن بۆوە.
یەک دوو نانی بۆ پێوەدام و گوتی جا مامۆستا هەڵی شێلە.
بڕێکم ڕۆن بە نانەکانداکرد و خەریکی هەڵشێلانێ بووم کە هەڵیدایە و گوتی مامۆستا :
ئەوەندە خۆشە ئەگە ڕەقەکەی دەنەرمەکەی دەنێی.
نازانم بە ئەنقەست وای گوت یان بە هەڵە؛ بەڵام من لەشەرمان ئارەقێکی ساردم کرد و بە شەرمەوە سەرم داخست.

کەریم ڕەسووڵ پوور(وریا)

              ۱۴۰۳٫۱۰٫۱۳

@mzravilka


دوو سیاسەتوان لە چێشتخانەیەک مشتومڕیان بوو.
خزمەتکاری چێشتخانەکە لێی پرسین: مشتومڕتان لەبەر چییە؟
یەک لە سیاسەتوانەکان وڵامی داوە: ئێمە خەریکی داڕشتنی بەرنامەیک بووین بۆ کوشتنی ۱٤هەزار کەس و کەرێک!!

خزمەتکارەکە کوتی: بۆچی کەرێک؟!!
سیاسەتوانەکە ڕووی کردە هاوکارەکەی و کوتی: نەمکوت بەم شێوە هیچکەس بە کوشتنی ۱٤هەزار کەسەکە گرنگی نادات...!!!

وەرگێڕان: ئەسعەد زولفەقاری(دڵـ ـخوێن)

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌👇👇👇
https://t.me/ladaveninallashkenava


هەڵاتن لە کێشەکانی کۆمەڵگا

ئاخری ڕۆژێک بڕیارم دا کە دەست لەم کێبەرکێ‌ شێتانەیە هەڵبگرم. لەم دنیایە هەرکە چاوەڕوانی دەرفەتێکە کڵاو لەسەر ئەوی دیکە بنێت. دەوڵەمەندمان، قەت تێرایی بۆ نییە، هەژارەکانیش قانع نین. لەبن بەردان، لەژێر هەوران، لەنێو کۆڕی خوێندەواران، لەنێو بازنەی حیزب و دەستە و... لە هەموو شوێنێ هەر باس و بیری پارەیە. جا وتم خۆ ئەگەر گۆشت گرانە، نەخواردنی هەرزانە. بۆیە ئەوەی شکم دەبرد نەغدم کردەوە و شارم بەجێهێشت. شار پیرۆزی ئەوانەی کە دڵیان پێخۆشە. ڕووم لە دێهاتێکی دوور کرد. تەنیا خوازیاری ئەوە بووم کە لەنێو جەماعەتێکی پاک و یەکڕەنگ وەک ڕۆنی زەنگ، کە هەستی پەستی سەرمایەداری ڕێی تێ نەبردبێت، بحەسێمەوە. هەر ڕۆژی هەوەڵ لە نێو دێ، ماڵە چۆڵێکم دەست کەوت و ماڵە کۆچم دابەزاند.
سروشتی ئەو دێهاتە لە باس نایە. لە بەر دیمەنی جوانی چۆم و ڕووبار، چیای سەرسەوز، دەشتی بەرین و دڵگەشێن، وەکوو منداڵی نێو زەماوەند دانیشتنم بۆ نەبوو.  ڕۆژان بە لای مەزرای گەنمی کڵۆش‌زێڕین  تێدەپەڕیم، لەژێر سێبەری شۆڕەبی ڕادەکشام و لە دارستانی چڕوپڕ، گوێم لە چریکەی مەلان دەگرت. هەتا ماڵاوایی خۆری چاوبەنازی لای ئێوارە، لەنێو کەپر و کەوێڵی بناری کێو، چاوم دەبڕییە قرچ و هۆڕی چیلکەی داران کە کترییە ڕەشیان دووکەڵ دەدا. شەوانیش لەژێر وریشە و تریفەی مانگەشەو چاوم دەچووە خەو.
قەت باسی پارە نەبوو، بۆیە زۆربەی ئەو پارەیەم لە سووچێک نایە چاڵ.

ڕوژێک ماڵێکی دراوسێ سەبەتێک هەنجیریان بۆ ناردم. لە پێشدا وامزانی لە بنی سەبەتەکەدا کاغەزێکیان ناوە کە میوەکان خراپ نەبن. بەڵام کاتێ باش سەرەنجم دا، زانیم کاغەز نییە، شتێکە وەکوو پێستی ئاسک، کە لەسەری بە زمانێکی سەیر چەند دێڕێکی لێ نووسرابوو کە هیچی لێ تێ نەدەگەیشتم. وێنەی خۆرێک و ڕێگایەکی  بەسەرەوە بوو، هیچم نەگوت. چەند جاری دیکەش کە سەوقاتیان بۆ ناردم، هەر لەو شتانە کەڵکیان وەگرتبوو. زۆر لەلام سەیر بوو.
شەوێک بووم بە میوانیان. وتم ئەوە چەند جار دیاریتان بۆ ناردووم. بەڵام شتێک زۆر بۆم سەرەنجڕاکێشە، ئەو لەتە پیستەیە کە دەیخەنە ژێری. وتیان چەند ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەشکەوتێک ئەوانەمان دۆزییەوە. بەڵام هەر نازانین چین؟ و بەکاری چ دێن. چوون و هەموویان هێنا. هەرچەند دانە لەو پێستانە وەکوو لاپەڕەکانی کتێب دەچوونە نێو قاپووڕەیەک کە لە بەرد درووست کرابوو. کە سەرجەم دەبوون بە چەندین کتێبی جیاواز. هاوار لە بەستەزمانی و ساویلکەیی ئەم بنەماڵە. هەڕەیان لە بەڕی نەدەکردەوە، خەزێنەیەکیان خزاندبووە کەل کەنوو کە ئەگەر ڕێگایان بکەوێتە مووزەخانەکانی ئەورووپا، دەیان و بگرە سەدان میلیارد دێنێ. بۆیە وتم من ئەوانەتان لێ دەکڕم و پارەیەکی چاکتان پێدەدەم. چووم و پارەکەم لە چاڵ دەرهێنا. هەموو ئەوانەم لێیان وەرگرت و دوای چەند ڕۆژ بەبێدەنگ هاتمەوە بۆ شار. لە ڕێگا بەو قسەیە پێدەکەنیم کە پێشینیان وتوویانە: گەڕاڵ یان زۆڵ دێنێتەوە یان پووڵ.

پیاوێکی پسپۆڕی ئاسەواری مێژوویم دەناسێ. داوام لێ کرد نرخی ئەوانەم بۆ دیاری بکات. دەمزانی هەتا کۆنتر بێت نرخ و بەهای زۆرترە. بە تایبەت کە بە خەتێکی کۆن کە هەر خوا دەزانی هی سەردەمی کام شارستانییەتە، لەسەری زۆر شتان نووسرابوو. کاتێ وڵامی دامەوە، نەمدەتوانی لە جێی خۆمدا ببزوێم. وتی گەلێک جوان درووست کراوە. ڕەنگە تەمەنی پێنج، شەش ساڵێک بێت.

ڕومەن گەری ١٩٦٠/ ابوالحسن نجفی

خوێنەری هێژا؛

کاتێ گەندەڵی و فەساد گشتگیر دەبێت، هەڵبڕان و دوورکەوتن لە کۆمەڵگا هیچ دەردێک چارەسەر ناکات. ڕەنگە تەنیا ببێتە بیانوویەک بۆ هەڵاتن لە بەرپرس بوون. جا بۆ ماوەیێک ئەو کەسە لە بەشێک لە ئازارەکان دوور دەبێت و وا دەزانێت کە بەختەوەرە. بەڵام ئاخری لە شوێنێکەوە تووش دەبێت، کە قەت چاوەڕوانی ناکات. چوونکا هیچ شوێنێک ئەمن نامێنێت.
هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەتوانێ بە هاودەنگی لەگەڵ خەڵک، شوێن پێ و ڕۆڵی گرینگی خۆی هەبێت بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگا بەرەو ژیانێکی ئینسانی.


عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/١٠/١٢


#مەحەممەد بێهڕەوان.   بۆکان


کاک عەبووبەکری کوڕی مامۆستا عەلی خەندان بۆی گێڕامەوە گوتی:جارێکیان لە نێو شاری بۆکان لە نەوارفرۆشێک دانیشتبووم، پیاوێکی بەتەمەن هاتە ژوورێ گوتی: نەواری خۆشت هەیە؟ گوتی بەڵێ هەمە کێت دەوێ؟ گوتی کێت هەیە؟نەوارفرۆشکە گوتی: زیرەک و ماملێ و .....کێو کێم هەیە بەخاتری من گوتی عەلی خەندانیشم هەیە. کابرا گوتی:باسی ئەو سەگبابە مەکە دەڵێی لە بۆشکەدادەیڵێ. گوتی منیش دەستم لە سەر شانی دانا گوتم مامەگیان ئەو سەگبابەی لە بۆشکەدا دەیڵێ بابی منە.گوتی کابرا لە خەجاڵەتیان هەرچی نەواری بۆیان دانا کڕی.ئەو جار کابرای نەوار فرۆش گوتی کاک عەبووگیان هەموو ڕۆژێ سەرم لێدە.



@mzravilka


#✍مامۆستا هەژار


کەو قنەی دەکرد لەو بەر پەساره
له قەل شیرین هات ئەو لەنجەولاره
بێ خۆراک و خەو بە ڕۆژ و بە شەو
دەکەوتە شوێن کەو فێربێ ڕەوتی ئەو
وەک کەو فێر نەبوو چی کرد و کۆشی
له بیری چۆوە ڕەوتەکەی خۆشی
زۆر کەس لە ئێمەش بۆ لاسای لاوە
وەک ئەو قاڵاوە دژ و داماوە



@mzravilka


كاكەمینی گولەكی
(دێیەکە لە مەنگووڕایەتی پیرانشار)
لەخانێ فەڕش فرۆش بوو.
كوڕێكی نێوی جەعفەر بوو،
سیگاركێش بوو لاواز وچرچ ،ددانی دەزاریدا نەمابوون!
خوارەو خوار بەڕێگادا دەڕۆیشت.
ڕۆژێكی ژنەعەجەمێك بەدەركی دوكانێدا ڕادەبرێ و منداڵێكی زۆر ژیكەڵە و جوانی دەگەڵ دەبێ.
جیرانێكی كاكەمینی لە كاكەمینی دەپرسێ ئەرێ منداڵی عەجەمان بۆ هێندە جوانن؟
كاكەمین دەڵێ برالە ژنەعەجەم ئەگەر حامیلەن مەگیرانیە لە پرتەقاڵ، و مۆز و هەناری دەكەن.
ژنێ من حامیلەبوو مەگیرانی لە تاڵەسێوی دە كەوپەڕێی دەكرد!
تاڵە سێوی دەكەوپەڕێش هەر جەعفەریان لێ پەیدا دەبی!

سەرچاوە:تریفەی مانگەشەو


👉@mzravilka👈


#مەلای حاجی ڕەسوی

بە ڕەحمەت بێت عەوڵا کۆمەڵە ددانساز بوو، گوتی: ڕۆژێکی دوو برادەر هاتن بۆ لام، هەر یەکەی شەش حەوت ددانیان مابوون، هاتبوون کە ددانەکانیان بۆ پکێشم و تاقمە ددانیشیان بۆ ساز پکەم، یەکەم ڕۆژ هەر یەکەی چوار ددانم کێشان، شەوێ بردنمەوە بۆ ماڵی خۆمان خزمەتێکی باشم کردن، ڕۆژی دوایی ددانەکانی دیکەشم بۆ کێشان، گوتم بڕۆنەوە تا دوو حەفتەی دیکە، با جێگای ددانەکانتان چاک بێتەوە جا وەرنەوە ئەندازەتان بۆ دەگرم و تاقمەکەتان بۆ دروست دەکەم، ڕۆیشتنەوە نەهاتنەوە، سێ چوار مانگی پێ چوو، ڕۆژێکی پەیدا بوونەوە، لە دوورەوە  پێدەکەنین ددانیان سپی دەچوون دیار بوو تاقمە ددانەکانیان لە لای ددانسازێکی تر دروست کردبوون، هاتن بۆ لام سڵاویان کرد، منیش زۆر بە گەرموگوڕی بەخێرم هێنان، گوتیان دوکتۆر دەبێ بمانبووری ڕێگامان دێرە نەکەوتەوە هەر لە لای فڵان دوکتۆری تاقمەکانمان کردنەوە، منیش گوتم مبارەکتان بن هیچ ئیشکالی نییە، شەوێ دەگەڵ خۆم بردنەوە بۆ ماڵ، خزمەتێکی باشم کردن، تۆزێک سەیری ددانی یەکێکیانم کرد گوتم وابزانم ددانەکانتان لە مەوادێکی زۆر خەراپ دروست کراون ئەگەر ئەو شەو تا بەیانی بیانخەنە ناو قاپە ئاوێک تێک نەچن مەوادەکەیان باشە، ئەگەر تێکیش پچن خەراپە، کاتی خەوتن گوتیان دوو قاپ ئاومان بۆ بێنە تاقیان دەکەینەوە، دوو قاپ ئاوم بۆ هێنان ددانەکانیان تێهاویشتن، سەعات سێی شەو چووم قاپەکانم ئاڵووگۆڕ کردن، بەیانی زوو لە خرتە خرتی ددانی وان وەخەبەر هاتم، لە بن دەرگا گوێم لێ گرتن،یەکێک دەیگوت ئەو سەگبابە دەڵێی شەیتانە، هەر چاوی بە ددانەکانمان کەوت تێگەیشت کە مەوادەکەیان خەراپە، دوای نیو سەعات چوومە لایان سڵاوم کرد، گوتیان کوڕە خۆ ددانەکانمان لێ خەرابوون تەگبیرن چییە؟ گوتم تەگبیرتان ئەوەیە تاقمێکی باش دروست پکنەوە، گوتیان وەڵلا دەبێ جەنابت بۆمان ساز پکەی، گوتم بە چاوان، تاقمەی یەکێکیانم نیشانێک لێ کرد و لە بەرچاوی وانم دە ستڵی ئەشغاڵی هاویشتن، ئەندازەی ددانەکانم گرتن گوتم دوای دوو ڕۆژی دیکە وەرنەوە ئامادن، ئەوان کە ڕۆیشتن،  تاقمە ددانەکانم هێنان جوان جوان بە واتیکسم شوشتن هەروا بریسقەیان بوو، کە هاتنەوە گوتم فەرموون ددان دەبێ ئاوا بێت.
لە کۆڕی زایەڵە وەرگیراوە

@mzravilka


#هەوراز چاوگی

بەیانی شەڕ کە هەڵگرسا
هاکا بەم هەستە ناسکانەی منا ، یەکەم بەیاننامەی شەڕ تلایەوە بەبەر دەرگای ماڵێکا ، ماڵێک کەس نازانێ چۆن چوونەژوورەوەی خۆی بدۆزێتەوە ، شەڕێک ئەمسەری کێشەی نێوان من و تۆ  و ئەو پەڕەکەیشی دانووستانە حەرامزادەکانی سیاسەت ، ها بزانە خۆم لە ملوانکەی فیشەک هەڵبەست و هەڵبەستێکی خوێناویم تلاندەوە بە بەر ماڵی بێ ڕەحمیتا ، ئەو کاتە مناڵێک چاوەڕوانی هەتیوو کەوتنی خۆیەتی ، ژنێک ئیتر لە گەردنی بەرەوخوار سپاردووە بە فیداکارییەکی دایکانە ، پیاوێک سوێندی خوارد سەرینی دووکەسی حەرام بێت لە هەموو حەزەکانی .
بەیانییەک کە هەڵسایین ، هەموو ڕاگەیەنەرە درۆزنەکان حەماسەتی هەڵپڕووزان ئەیانگرێ و سەر دێڕی ڕۆژنامەکان من و تۆیان لە ناوەڕاستی جەنگێکا بە ئیشارە پیشانی چاوەکان دا تا لێمان تێک نەچێ خەڵک چەندە تامەزرۆی ئەو کاتە بوون ، میدیاکان سەرمەست ئەبن بەو هەموو هەڵمەتە کوت و پڕانەی یەکتریان غافڵگیر کردووە تا ئاراستەی شەڕ بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی خۆیان پەلکێش بکەن ، بۆمبەکان برێشکەی هەڵتۆقیوی ناو خیابان و کۆڵانە ڕەشۆبووەکانی ئازاری هەڵقرچانن ، باڵەخانەکان ئەبنە دوژمنی ئەو کرێنشینانەی مانگانەیان لە جانتای کارتێکی بانکییا هاک کراوە .
ئەم ئێوارە شیکارە سیاسییەکان بۆنی دەمیان ڕۆژە ڕێیەک بە دەوری خۆیانا سەری متمانەی کاس ئەکرد کە ئەیانوت لەوانەیە بیست و چوار کاتژمێری داهاتوو هەموو پلانەکان بگۆڕدرێن ، نەخشە سیاسی و جوگرافییەکانی دنیا وەها تێکەڵاو ئەبن سەگ ساحێبی خۆی ، بەڵام من ، من نەمتوانی لە هیچ کوێی پیلانەکانا کۆتایی شەڕی خۆم و دووری تۆ بخەمە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک ، لەو بڕیارانەی ناوەندە نێو دەوڵەتییەکان سوێندی بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەر ئەخۆن ، داهاتووی نەوە چاوکراوە و ئازاکانی لایەنگرانی خۆیان پەیوەستە بەو هەڵبژاردانەی ناو گیرفانیان .
بەیانییەک ڕەنگە لە کاتژمێری سفری ئەمشەوەوە دەست پێبکات ، ڕەنگە کڵاوێک بێت نابێتیانە سەر هەموو سەعاتی سفرەکان ، ڕیزێک مووشەکی ئیماندار ، ڕەوەیەک F 35 ی سەرمایەدار یان پۆلێک سۆخۆی یەکسانی خواز ، ڕەنگیشە ئاجووج و ماجووجەکانی دیوە نەبینراوەکەی دیواری چین بەربنە سەر و گوێی ئینسانیەت ، ڕەنگە وایش نەبێ ئەم پیلانانە کاری یاخییە سنوور بەزێنەکانی ئایدۆلۆژی و ئیمانەپیرۆزکراوەکان بێت بۆ تێگەیاندن لە درۆکان ، بۆ دەسخەڕۆ بوون لە دوای ئەو هەموو قوربانییە بێ هوودانە خۆیان نەیانەویست بمرن .
بەیانییەک نە تۆ ماوی و نە منیش ئیتر ئاشقم ، نە شەڕ ماوە و نە کەسیش بەیتە حەماسییەکانی دەماودەم بیر ماوەتەوە ، تەنیا هەندێ ئاسەواری سووتاو ، بڕێک لاپەڕەی دڕاو ، فلاشێکی یەک بایت کە تەنیا جێگەی خاڵی کۆتایی هەموو ڕستە و دێڕەکانی تیا بووەتەوە ، بەیانییەک .


@mzravilka


#مەلای حاجی ڕەسوی

ساڵێکی برادەرێک خەریکی مەڕاسیمی هاوسەرگیری دەبێت، ناوی ئەوانەی کە دەیهەوێت دەعوەتیان پکات لە دەفتەر دەنووسێت، هەر کەس جارێک سڵاوی لێ کردبێت ناوی دەنووسیت، براگەورەکەیان دەڵێ فکر پکەنەوە بزانن کەسمان لە بیر نەچووە؟ لە پڕ دەڵێ ئەها، ئەوانیتر دەڵێن چییە؟ دەڵێ ئەرێ ئەو کابرایەی مانگێک لەوە پێش فەردێک جۆی لێکڕین خەڵکی بەری ئەو بەرێ بوو نێوی چ بوو؟ ئەوانی دیکە لێکڕا دەڵێن وەڵلا ڕاست دەکەی، زۆر فکر دەکەنەوە نێوەکەیان بیر نایەتەوە،
ئەو ڕۆژانەش برادەرێک کارتی بۆ من ناردوون بۆی بڵاو پکەمەوە، لە سەر کارتێکی نووسیوە، سەلام ڕەفیقی سەربازی،  ناوی بابی نەزانیوە نازانی کوڕی کێیە چکارەیە تەنها ماوەیەک لە سەربازی بەیەکەوە بوون.
بەڕاستی خەڵک بێزار بووە لە تالاران، هیوادارم ئەوانەی مراسیمی هاوسەر گیریان هەیە لە دەعوەت کردنی ئەو کەسانە خۆ بپارێزن کە هەر سەلام و عەلێکێکیان دەگەڵی هەیە.


@mzravilka


#Enwer


لە ... کابرایەک بوو خودا عافووی بکا نەماوە، نێوی .... بوو، لووتی جۆرێک بوو، دەتکوت گازی لێگیراوە پێیان دەکوت ... بابۆڵە، دەچێتە تاران، پێی دەڵێن جەنابتان کێن،؟لەو کاتەدا شۆرەتەکەی خۆی لەبیر نابێت، دەڵێت؛ " ... ساندویج" هەستەم.

@mzravilka


#ئاراد


داوام لە باوکم کرد ژنم بۆ بێنی ڕازی نەبوو
پرسیارم لە مەلایەک کرد وتم چۆن باوکم ڕازی بکەم؟ وتی دایکت بۆ ماوەی مانگێک ببەوە ماڵی باپیرت بۆ ئەوی باوکت هەست بە حاڵی تۆش بکات،
شوکور بۆ خوا من و دایکم ئێستا لە ماڵی باپیرم دانیشتووین بەبێ خەم،باوکیشم ژنێکی عەرەبی هێناوە سوپاس بۆ خوا زۆر دڵیان خۆشە،قورم کرد بە سەر خۆشم و دایکیشما.


@mzravilka


#✍حاجی عەبدوڵڵا حەمزە
چراتۆڕ...؟؟؟

پڕ لە بیرەوەری...!!!

یا تۆڕی دەست نەدەکەوت ...یا نەوت پەیدا نەدەبوو... یا قایش پەمپی دەست نەدەکەوت .. ئەگەر قایشەکەشی وشک دەبوو بە تف لێدان خاومان دەکردەوە ...
یا دەرزی دەشکا ... یان میلەی هەڵچوونی نەوتەکەی دەگیرا...ا
یا....یا....یا.....
بەڵام هەموومانی لە دەوری یەک کۆ کردبۆوە... وەک ئێستا نەبوو پەرێشان و بڵاو بین و هەرکەس دە قوژبن و دیوێک بخزێ و خەریکی موبایل و ئامێری سەرگەرمی ئەلێکتڕۆنی سەردەم بین...

چراتۆڕ ئامێرێک بوو لە شەوانی  ساردوسڕو درێژی پاییزو زستان دا کۆی دەکردینەوە
هەرکەس چراتۆڕێکی هەبا دەبوو باقێک تۆڕو دەرزی و ئاڵکۆڵ و ئاڵکۆڵدانیشی هەبا....
هەرکەس چراتۆڕی نەبا... دەیانگووت : ئەو ماڵە چۆن دەژی ... بەڵام منداڵانی فێرگە بۆ دەرس نووسینەوەو دەرس لە بەرکردن له نیعمەتی ڕووناکایی چراتۆڕ بێبەش بوون... چونکە کەس دوو چراتۆڕی نەدایساندن و تەنیا چراتۆڕێک بوو ، ئەویش لە دیوەخان و دیوی میوانان  دایسا..  دیوەخانیش یا پڕ لە دەنگە دەنگە بوو ... یا لە بەر دۆمینەکردن و یاری "گۆرێ بازی "(گۆرەوی)  دیوی چراتۆڕ وەبەر ژن و منداڵ ‌نەدەکەوت ... منداڵی بەدبەختیان بۆ دیوێکی دیکەو بۆ بەر زەردە ڕووناکایی چرا فانۆس و چرا "لامپا" دەر دەکرد.
بەشی منداڵان لە چراتۆڕ زۆرتر ئەوە بوو کەتۆڕێک دەدڕاو هەڵدەوری یا دەرزی چراتۆڕێک دەشکا ... یا ئەڵکۆڵ بۆ هەڵکردنی چراتۆڕ لە ماڵێ دا نەمابوو... بە تاریکە شەو و ساردو سەرماو باران و بەفر بۆ ماڵێکی جیران یا ماڵێکی دیکە لەو سەری دێ دەیانناردو ئەگەر چراتۆڕیشیان هەڵدەکردەوە بەمنداڵەکەیان دەگووت... بڕۆ ئەودیوی ئەو فانۆسەی بەرەو دەرسەکانت بخوێنە... دەی یاڵڵا بۆ وا ڕاماوی...؟

لە کۆڕی زایەڵەوە گوێزراوەتەوە


@mzravilka


#ئەنوەر وەلەدبەیگی


📚لە ئەدەبیاتی خۆمانەوە📚

بۆ ئەم ڕۆژانە

"وەی ئەم لام و وەی ئەو لام"
کابرایە دوو کچی دابوو بە شوو، مێردی یەکێکیان ئاشەوان بوو مێردی ئەوی تریان جووتیار بوو.
بەیانییە کە لە خەو هەستا تەماشای ئاسمانی کرد چی هەورە.
بە ناو ماڵەکەدا هەر دەهاتوو و دەچوو.
ژنەکەی پرسیاری لێکرد ئەوە چیت لێ قەوماوە دەڵێیت "مریشکی پێ سووتاوی هەر دێیت و دەچیت"؟!
پیاوەکەش دەڵێت : " وەی ئەم لام وەی ئەو لام"
ژنەکەی دەڵێت :
مەبەستت چییە؟
دەڵێت ببارێ زەوی تەڕ دەبێت و جووت ناکرێت.
نەبارێت ئاش بێ ئاو دەکەوێت و ناگێڕێت.
ببارێ و نەبارێت یەکێک لە کچەکانمان بێ داهات دەمێنێتەوە.
"وەی ئەم لام و وەی ئەو لام"

✍داڕشتنەوەی:
ئەنوەر وڵەدبەگی
دوولای سەرماوەز



👉@mzravilks👈


#سەید کامیل نوورانی

بۆ کچی خاڵۆی ڕۆمان
تەمەنم 15ساڵان بوو دەستم لە خوێندن هەڵ گرتبوو وک میرات لە براگەورەکانمەو تەبەق بەتەبەق شوانی بۆم بەجێ مابوو ئەودەم گوندەکان وابو مەڕو گاڕان زوربو هەمو کەس بە پێی توانای لە ساڵێک ڕا تاچەند ساڵان دەبوو شوانی ماڵەخویانی کردبا منیش وک نۆبەو میرات کرام بەشوان درۆش نەبێ شوانیم زوریش لەخوێندن پێ خۆشتر بوو مەڕلەبەندنێ هاتبۆە خوارێ وڵاتی مەش لەهاویناندا بۆپاتاڵی لەوڕو پەرێزە گەنمی زورن  حەسابوومەوە وختی زورم هەبوو دایم تۆپێکی تۆپێنم لە تێڕێ دابوو لەگەڵ هاواڵەکانم یان ئاوڵ شوانەکانم تۆپێنم دەکرد .،بیری منداڵی تیژە نازانم بڵێم ئەوندە ساڵەدەبووم یان لەروم هەڵ نایە بڵێم سێ ساڵانەدەبووم کەلەودمی ڕا وبیرم دێ چون دەڵێن تیاح لەودرۆیە   بەڵام ئەوندەی وبیرم دێ لە سەر کورسی تەندوری بەلێفەجاجمی ژورە قورماوێکەماندا کەئەودەم باوکم کتێب یان قورئانی لەسەردەخوێندەوە 
کتێبی لێ نەبڕاوە جایابابم یان براکانم کتێبیان لەسەر دەخوێندوە تائەوجێەش کەلەبیرم بێ کتیبی مەلای جەزیری  .کتێبی خەیام  کتێبەکانی مامۆستاهەژارومامۆستا هێمن قانعو وفایی  کەزوربەشیان شێعر بوون دخوێندرانەوە من زورم چاولێ دەکردن هاڕەم لەبڕەی نەدەکردوە  کە دامزرام لەشوانی کتێبی ناڵەی جوداییم دەسدایەو دەیان جارم سەرلەبەر خوێندوە پێی مەست بووم  مەستی ئەوین مەستی نیشتمان پەرستی مەستی نەرمونیانی
   هەژار بۆ کوردوستان خەیام بەکوردی دێوانی گۆران هەرچی بەردەستم کەوتبا دەم خوێندەوە فارسیو کوردی
شێعرو کۆمەڵ ناسیو مێژویی وسیاسی تارۆژێک کتێبی  هاوارەبەرم دەست کەوت ملم لەخوێندنەوی نا سەرم لێی گەرم داهاتبوو بەڕۆژ هەردەم خوێندوە شەوانیش لە بەر رووناکی ئاگر تاشل دەبووم دەمخوێندوە
بەهۆی ئەوی بۆخۆم کوڕە دێهاتی بووم لەگەڵ مەڕو شوانو بێریو  ئاشو ئەسپو  ئاشەوان شەڕو بگرەو بکوژەو سەنگەر ئاشنا بووم خوێندنەوە ئەو کتێبە ڕۆمانە سەراسەر ژیانوو  وجودمی تەنی بوو ئۆقرەم لێ هەڵگیرابوو بەڕاستی لەوسەرمەدا لەناو دەریاو ئاسمانی ئەوکتێبەدا غەرق ببوم کەسایەتی خۆم لێ ون ببو لەگەڵ تەک تەکی کارکتەرەکان دەگۆڕدرام جیانم دەگرتەوە  بۆ تەواوبوونو بەئامانج گەیشتنو سەرکەوتن ئۆقرەم لێ هەڵگیرابوو  سەرئەنجام خوێندمەوە  جائوجارعاشقی ڕۆمان خوێنوەبووم  بەدەیان ڕۆمانم خوێندوە بەڵام هێچ کامیان لەبیرو مێشکی مندا نەدەگەیشتنە ڕۆمانەکانی خاڵۆی ڕۆمان  کاک فەتاحی ئەمیری 
لەژێر کاریگەری هاوارە بەرەدا بۆخۆشم ڕۆمانێکی تەواو لادێێم نووسی بەکۆڵێک هەڵەو ە  دوای ساڵانێک کە پێداچوومەوە زانیم تەنیا نێوەکانو شوێنەکانم گۆریوە بۆ ئەوە نابێ روو بکرێو باس بکرێ 
دەبێ  نووسینەکانی کاک فەتاح،خاڵۆی ڕۆمان چەندها کەسی وک منی خولیای خوێندنەوەو نووسینو ڕۆمانو کتێبی کوردی کردبێ؟


👉@mzravilka👈


Репост из: پادکست هاژه
🗂 فەرهەنگۆکی بەشی حەوتەم

چلمێرە: دارێکە وا لە پشت دەرگای دەدەن بۆ ئەوەی نەکرێتەوە
پێوار: نادیار
تیتاڵ‌تێهاڵاندن: قسەی نەشیاو بۆ کەسێک هەڵبەستن
کەشکەڵان: بەرزترین شوێنی ئاسمان
وزاق‌دان: خۆ هەڵدان، باز دان

🆔 @Podcast_haje


📓 ڕۆمانی «شوانی کورد»

🔹بەشی حەوتەم

✍نووسراوەی: عەرەبێ شەمۆ
🖊وەرگێڕان بۆ کوردیی ناوەڕاست: محەممەد خزری‌ئەقدەم
🎙خوێندنەوە: پێژمان ئیسماعیل‌نژاد
🎚ڕێکخستن: سامان ئەمیری

📌سپۆنسەر: ناوەندی فەرهەنگی و هونەریی «هۆزانی هونەر»

🆔 @Podcast_haje


Репост из: پادکست هاژه
🗂 فەرهەنگۆکی بەشی شەشەم

تەوێڵ: نێوچاوان
ڕۆندک: ئەسرین، فرمێسک
هەتڵەڕێ: لاڕێ
جەنە کردن: مان گرتن
قەیار: زیادەی سم
قەیارکردن: تاشین و ڕنینی نینۆک و زیادەی سم
بزیسک: کڵپە

🆔 @Podcast_haje


📓 ڕۆمانی «شوانی کورد»

🔹بەشی شەشەم

✍نووسراوەی: عەرەبێ شەمۆ
🖊وەرگێڕان بۆ کوردیی ناوەڕاست: محەممەد خزری‌ئەقدەم
🎙خوێندنەوە: پێژمان ئیسماعیل‌نژاد
🎚ڕێکخستن: سامان ئەمیری

📌سپۆنسەر: ناوەندی فەرهەنگی و هونەریی «هۆزانی هونەر»

🆔 @Podcast_haje

Показано 20 последних публикаций.