سەردانەکان بۆ دێکان لە سەر پرسی گرینگ و هەستیاری ژینگە و بەرگری و پاراستن بەردەوامە.ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢۵ بە بەشداری پۆلێک لە ئەندامان و هاوڕێیانی دێکانی ناوچەی کۆماسی لە نوێژی هەینیی گوندی باخان سەر بە ناوچەی سەرشیوی مەریوان بە سەر کرایەوە.
لە سەردانەکەدا وتارێک لە سەر قەیران و دۆخی مەترسیداری سەر ژینگەی نیشتمان لە نێوان کۆڕی گەرموگوڕی ئامادەبووان پێشکەش کرا و هەروەها دۆخی هەستیاری ژینگەی دەڤەری سەرشیو و کۆماسی بەگشتیی و مەترسی فەوتانی لێڕواو و گیا خۆراکی و دەرمانییەکانی ناوچە بە چڕوپڕی باس کرا.
جێی ئاماژەیە هاوڕێیانی کۆماسی داوای پەیوەستبوونی خەڵکی باخان بە هەڵمەتی بەرگری لە تاڵان و ڕیشەکەن کردنی گیا و لێڕواوە بەپیت و بەکەڵکەکانی ناوچەکەیان کرد کە پێشتر هەڵمەتی بەرگرانەیان بۆ هەڵگرتووە.
ڕێکخراوی سەوزی چیا داواکارە خەڵکی گیاکەن و سەیرانکەر لە هەر شوێنێکەوە ئەڕۆنە ناوچەکانی سەرشیو، کۆماسی، ساراڵ و دیکەی شوێنەکان دەستپارێزی بکەن و بەقەد پێویستی ماڵی خۆتان گیا بکەنن و ئەمەگدارانە لەگەڵ ژینگەی ژیانبەخشی نیشتماندا هەڵسوکەوت بکەن.
@chya_ngo