ئایا وەک یەکن ئەوانەی شەون، وەل ئەوانەی رووناک دەژین؟
.
یوونس ڕەزایی
.
.
کەسانێک کە خەزەڵوەرن
بیر لە یارمەتی سەخڵەتی دەکەنەوە
فوو بە گەرووی زستاندا دەکەن
تانە لە ئاور دەدەن و
کەسیرە بە دوای هیچەوەن.
من لە کۆڵانی پاییز هاتوومە دەرێ
دەستم بە دیوارە ساردەکان داهێناوە
لەسەری هەر شەقامێک وێنەیەکم لە بەهار گرتووە
بۆیە خەریکە ویترینی دووکانەکان
پڕ دەبێ لە چۆلەکە
هەنگاوی رێبوارەکان سەوز دەنوێنێ
هەواڵێکی سووریش
لە دوورەدەستی ئەو ژنانەوە دەشنێتەوە
شیریان داوە بە ڕەوەز
لە نەدیوی ئەو پیاوانەش
لانکی ئاوارەی خەونێکیان راژاندووە.
کەسانێک بڕیاڕە بێنەوە
کۆڵانی بن بەست بسڕنەوە لە شار
جامانەش لە مل دارتێلەکان ببەستن
کە چرایان لە تەنیایی خەمی خۆیان دا حەشاردا
بۆ تاریکانی وشەکان.
من هاوڕێی سەرسوڕمان دەبم
ئاماژە دەکەمە خاپووریی بەفر
کە هەزار شوێن پێی غەریبی پێوە دیارە
من شەریکی پرسیارەکان دەبم
پرسیار لە دەنگێک دەکەم بۆنی خوێن دەدا
دەڵێم لە کام هەرێمەوە پەڕەوازەی من بووی؟
نەخشەی باکوور تا باشووری
دار بەڕوویەکم نیشان دەدا و
نادوێ
کەسانێک بە ئێسقانی شار ساز لێدەدەن
هەڵدەپەڕن
لەسەر تەرمی روونی بزەیەک
کە راوێژی بەیان بوو
من برینی شار دەبژێرم
هەزار و چوارسەد و رۆژێک بۆ نەورۆز
ژانی چۆمەکان دەدوێنم
بە زمانی خۆم کە پڕە لە خاک و باخ
دەشتەکانی ئەو هەرێمە
لە دەست پاییز دەستێنمەوە
لە لیستی وەرزێکی دیکەیان دادەنێم
کە ئاور و ئاو تێیاندا ئاواڵدوانەن.
خۆم دەڕوێنم با ببمە بەڕوویەکی دی.
چۆم دەچێنم
با هەر ساتێکی نیشتمان
ببێتە ئەفسانەیەک لە نێوان چۆمان.
چاوەڕوانی دەوەشێنم
با سبەی هەموو دەڕوازەکان
لەسەر پشت بن
بە ڕووی باڵندەیەک دا
کە هەواڵێکی پێیە پڕە لە پرسیار.
ئایا وەک یەکن ئەوانەی
کە دار دەسڕنەوە لە شاخ
وەل ئەوانەی
خۆیان دەبن بە مێژووی باخ؟
ئاخۆ لوورەی گورگەکان بە تاریکایی دا
دەگاتە خوێنی چرایەک
کە بەدیار نوێژی شەوەوە
پیر بوو؟
@younesrazaie