مزراویلکە


Channel's geo and language: Iran, Persian
Category: not specified


مزراویلکە لانکێکی خۆڕاژێنی بەیت و باوی کۆنی دیوەخانانە بە ناردنی قسەی نەستەق و بابەتی فۆلکلۆری گیانێکی نوێ بدەنەوە بەر هەناوی ئەدەبیاتی زارەکی گەلەکەمان
پێوەندی لەگەڵ ئەدمین:
@MradBapirpour
@rahmani_138

Related channels  |  Similar channels

Channel's geo and language
Iran, Persian
Category
not specified
Statistics
Posts filter


1
پێشبینی مەکە، ئەگەر ڕاست دەرچوو
کەس نایە وەسفی، (زیرەکی)یت بکا
گەر هەڵە دەرچوو، هەر خەڵک زۆرە
گاڵتە بە عەقڵی، (کەرەکی)یت بکا

2
دەنگت هەڵمەبڕە، هەوڵ بدە با
ئاستی پەیڤینت، بڵند بێتەوە،
بە نمەی باران، نەک گرمەی هەور
تۆو شین دەبێ و گوڵ، دەگەشێتەوە.

3
ئەگەر شارەزای، ڕێگەکە نەبووی
واعیز هەر چی خواست،
پێچەوانەکەی، جێبەجێ بکە
ئەوەیە ڕێی ڕاست

4
مەماندەرە بەر، ڕێژنەی مۆچیاری
دە ئەوەندەی تۆ، هۆشیار و وریاین
گەر گوێی لە باوکی، گرتبا منداڵ
ئێستایش لە چاخی، بەردینا دەژیاین

حەمەسەعید حەسەن

(*) مۆچیاری: ئامۆژگاری


ئوتاقی گردم بی بەرق و بی ئەو
دەر و پەیکەر خویرد، چواردیوار خرەو
داغی پیرم کرد کردمە قولەو
ڕووژ نیمەڕوو وەلیم کردە شەو
دی چە توای وەلیم؟ ئاسمان کەو!
حەقێ من تا حەشر لە لات بمینی
چە بکەم لە دەس کرانشینی؟
داد وە هەر کەس بەم، حەقم نیەسینی
٢٦
لە ڕووژی ترسم ئەجەڵ بدەی زەنگ
عومرم تەمام بووت لە دونیای دووڕەنگ
پنهان بووم لە ژیر خشت و خاک و سەنگ
ژن ساحیوماڵ وە بیڵ و قوڵەنگ
قوڕەقوڕ کونان، وە قسە و جەفەنگ
بای کرایەی قەور لە لیم بسینی
چە بکەم وە دەس کرانشینی؟
داد وە هەر کەس بەم، حەقم نیەسینی
٢٧
سەرمانگ وە مانگ بایتە دیارم
وە بیڵ هەڵ کەنێ سەنگێ مەزارم
بکەی شکەنجە و زەجر و ئازارم
بووشی کرا دەیت یا پاسبان بارم؟
منیش لە ئەلحەد سەرم دەرارم
داد بکەم هاوار، کەفەن کی سینی؟
چە بکەم وە دەس کرانشینی؟
داد وە هەر کەس بەم، حەقم نیەسینی
٢٨
چو سەگ وڵگەرد، دەروەدەر وە خوەم
شەو تا سوب نەخەف، ڕەنج بیوەر وە خوەم
دڵگیر وە دونیای دوونپەروەر وە خوەم
لە دەس ساحیوماڵ خون جگەر وە خوەم
مشتی خاک نەیرم، خاک وەسەر وە خوەم
لە زیندەی ئایەم بی خەوەر وە خوەم
نیەزانم «شامی» دی تاکەی مینی؟
چە بکەم وە دەس کرانشینی؟
داد وە هەر کەس بەم، حەقم نیەسینی

شامی کرماشانی ،تاوسان ١٣٣٠ (1941)

@mzravilka


🟣 گۆڤاری ژمارە 38ی بەیان بڵاو کراوە

زمان نیشتمانمە، زانست خولیا و خاکیش ڕووگەمە.  "حەمەسەعید حەسەن"

🔻ژومارەی ٣٨ی گۆڤاری "بەیان" تایبەتی مانگی #بەفرانباری ١٤٠٣ لە ١٦٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوە.

🔻فایلی تایبەتی ئەم ژومارەیەی بەیان بۆ مەڵبەندی #کرماشان تەرخان کراوە. جیا لەوەش چەندین وتاری مێژوویی، فەرهەنگی، پەروەردەیی، زانستی، شێعر، چیرۆک و ... تێیدا بڵاو کراوەتەوە.

🔻#گۆڤاری_بەیان گۆڤارێکی فەرهەنگی کۆمەڵایەتییە بە ڕوانگەیەکی ڕۆشنبیرانە، نیشتمانی و نەتەوەیییەوە، دەستەی نووسەران بەڕێوەی دەبات و بە چوار دیالێکتی زمانی کوردی (کرمانجیی سەروو، کرمانجیی خواروو، هەورامی و کەڵهوڕی و گۆران) و زمانی فارسی وتار و بابەت بڵاو دەکاتەوە.

🔻تێبینی: ژومارەی ٣٩ی "بەیان"  بە ژیان و  هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی د.بەهمەن فریوەر ناسراو بە سۆران کوردستانی تەرخان کراوە. چاوەڕوانی بەرهەمی بەپێزی نووسەرانی کوردین.


#وەیلان حیسامی

لەم وڵاتا تۆ ئەبێ ھەر بمری

لە خەوی شیریندا بووم  بوومەلەرزە ھات نەمردم
لە ماڵەو  دەرپەڕیمە دەرەوە لافاو ھات نەمردم
لە ترسی لافاو چوومە سەر بان دەنگی مەترەلۆسی خەتای ئینسانی  ھات دیسان نەمردم

بریندار بووم  ڕۆیشتم بۆ دەواخانە
قیمەتەکانم پرسی  تاسیام نەمردم
سوواری پرایدەکەم بووم بڕۆمەوە بۆ ماڵ
دەنگی ئیزرایل ھات ئاخری مردم
لەم وڵاتا  ھەر ئەبێ بمری
دەرچوونت مەحاڵە.


@mzravilka


#دیارکۆ شارباژێڕی


(ئێمە و کەرەکان لە وەرچەرخانی مەترسیدارداین)
لەلایەن نووسەری یەمەنی محەممەد مستەفا عیمرانییەوەنووسراوە
 
باسی لە ئازارەکانی خەڵکی گوندەکەی دەکات
کە ئاوی خواردنەوەیان لە کانییەکەوە دەکێشا بۆماڵەکانیان  بەڵام ناچاربوون لە ڕێگادا بۆ کانییەکە لە تەنیشت دۆڵێکی قووڵەوە بە ڕێگایەکی مەترسیداردا هاتوچۆ بکەن،

کە ببووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک منداڵ .. لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەیان لەگەڵ کەرەکاندا بۆ ناو دۆڵەکە.

"دوای دەیان ساڵ، گەورەکانی گوندەکە
لە یەکێک لە ماڵەکانیان کۆبوونەوە  گفتوگۆیان لەسەر ڕێچەکە و چۆنیەتی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە کرد".
 
کاتێک نووسەر پرسیاری لێدەکات
  (کە لە منداڵیدا زیاتر لە جارێک کەوتە ناو دۆڵەوە، لەگەڵ کەرەکەیدا کاتێ دەچوو بۆ کانیاوەکە).
بۆچی ڕێگایەکی تری سەلامەت دروست ناکەن  بۆ گەیشتن بە کانییەکە؟

کەسێک جوابی دایەوە وتی خەتای ڕێگاکە نییە
(ئێمە لە دووای کەرەکانەوە دەڕۆین، ئەوانیش بە دەوری ئەو پێچانەدا دەمانبەن).

مەبەستی نووسەر ئەوەیە:

ئەگەرخۆمان  پێش کەرەکان کەوین دەتوانین ڕێگای ڕاست هەڵبژێرین وبڕۆین
چونکە کەر پێشەوات بێت هەر لەڕێگای پێچاو پێچەوە دەت بات.

کاروانێک سەرکاروانەکەی کەر بێت ڕوو لە هەڵدێر دەکات.

@mzravilka




#muhemmed

منداڵ بووم لەبیرمه یەکەمجار بوو بەستنەیم کڕیبوو
بەستەنی لێوانیم کڕیبوو ، نیوەیم خوارد و ئەودوای خستمە ناو کومێد دامنابوو بۆ دواڕۆژ
دواڕۆژ کە چووم هەڵیگرم بیخۆم دیتم یەکڕا بوو بە ئاو و تواوەتەوە.
وتم ئەوە بۆ توایەوە؟!!
ئیدی لەوە بەدوا زانیم بەستەنی دەبێ بخرێتە نێو یەخچاڵ.


@mzravilka


کێبڕکێی مەلا خدر و مەلا ئەحمەدی مامکاوێ
#مەلای حاجی ڕەسوی

مامکاوە دوو بەشە، مزگەوت لە نێوەڕاستی هەر دوو بەشەکاندایە، ئەو بەشەی لە سەرەوەی مزگەوتەکەوەیە پێی دەڵێن پشت جۆ، ئەو بەشەی لە خوار مزگەوتەوەیە پێی دەڵێن بەرجۆ، بە ڕەحمەت بێت مەلا ئەحمەدە لەتکە مەلای مزگەوت بوو، زاوای بەرجۆیان بوو ماڵیشی هەر لە بەر جۆیە بوو، خزمی دە پشت جۆیە پێی ڕازای نەبوون، هەر بەهانەیان پێ دەگرت، ڕازی نەبوونەکەشیان تەنیا لە بەر ئەوەی بوو کە ماڵی لە بەر جۆیە و زاوای بەر جۆیانیشە، ساڵێکی گوتیان دەمانهەوێت مەلا خدری بێنین بیکەین بە مەلا، ئێمە چیتر بە مەلا ئەحمەدی ڕازی نین، مەلا خدر خزمی خۆیان بوو لە گوندی توێ مەلای مزگەوت بوو، بەڵێ خزمی دەبەر جۆیە پێشنیارەکەی خزمی دە پشت جۆیان قەبووڵ کرد، مەلا خدریان لە گوندی توێوە هێنایەوە بۆ مامکاوێ، کاتێک نوێژ دەبوو هەر دوو مەلا دەچوون بۆ مزگەوت، کێهەیان پێشتر گەیشتبایە مزگەوتێ لە مینبەر دادەنیشت و پێشنوێژیەکەی بەڕێوە دەبرد، یەکتریان خۆش نەدەویست، وەرزی هاوین بوو، دیارە هاوینانیش لە گوندەکان ڕۆژانە خەڵک سەر قاڵی فەلاحەتی و ئاژڵداری و کەساباتن لە ماڵ نامێنن، مەلاکان کە دەچوون بۆ مزگەوت تەنیا دوو سۆفی دەهاتن بۆ جەماحەتێ، سۆفیەک  لە بەر جۆیە و سۆفیەک لە پشت جۆیە.
ڕۆژێکی مەلا ئەحمەد بە مەلا خدری دەڵێ بۆ سەودایەکم دەگەڵ ناکەی؟ مەلا خدر دەڵێ سەودای چۆن؟ دەڵێ وەڵلا ئەتۆ سۆفی من ب.........ێ و منیش سۆفی تۆ. با ئەو دووانەش تەرکی مزگەوتێ پکەن،  باشە ئێمە بۆ وا بێ عەقڵین لە سەر ئەو دوو سۆفیانە کێبڕکێمانە.

@mzravilka


#مام بایز


پیاوی گەورە ئەگەر لەخوار مەجلیسیش دانیشێت، کاتی چایی گێڕان، چاگێڕ لە ئەو را دەست پێ دەکات.
شوێن و مەکان پیاو گەورە ناکات، بەڵام پیاوی گەورە  شوێن و مەکان بە نرخ دەکات،
جا تۆش هەر بڵێ من منم، من منم، لە سەرووی مەجلیس دانیشتووم.
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
پشیلە ئەگەر بیهەوێت ببێت بەشێر، نابێ بە دوای مشک دا بگەڕێ.
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
کەسێک بە دڕکان قەڵس بێت، حەقی نیە دەست بۆ گۆڵان ببات.
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
بۆ کەسێکە بسووتێ، کە دوایی نەڵێت تۆ بۆن دووکەڵت لێ دێت.
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
ئەگەر ئاوازی مەلانت پێخۆشە، قەفەس مەکرە، درەخت لە پێش دەرک یا ژووری حەسارەکەت بچێنە.
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
عیسا مەسیح مردووی زیندوو دەکردەوە،
بەڵام نووح کوڕەکەی خۆی بۆ چاک نەکرا.
چونکە دەروونی خەراپ و بۆگەن چاک نابێت و لە مردوو مردووترە.
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
هەزاران کاری باش و هەنگاوی باش بکە و بنێ، هیچ کەس نای بینێت.
بەڵام وای وای... ئەگەر ڕۆژیک کارێکی خراپ بکەی یا هەنگاوێکی  چەوت باوێژی،
ئەوانەی دۆستی تۆنین،  هەموویان چاویان لەو ڕۆژەیە
لە کۆڕی زایەڵە وەرگیراوە

@mzravilka


#Berhem Pîrŭzî
مەستێک خەریک بوو
لە ناو جادەیا ماشینی لێئەخوڕی،
لە ڕادوێکەوە گوێی لە پۆلیس بوو کە ئەیوت:
تکایە ئاگاتان لە خۆ بێ
مەستێک خەریکە لە دەستی پێچەوانەیا لێئەخوڕێ.
کابرای مەستیش کە گوێی لەوە بوو وتی:
تۆ تەمەشا لەم پۆلیسە کەرە!
ئاگای لێ نییە لێرە کەس لە دەستی خۆیا لێناخوڕێ.

@mzravilka


#هەژیر

کوتیان کابرایەک کڵاوێکی بە لاری و خواری لەسەری نابوو و لەم دێ بۆ ئەو دێ ئەچوو یەکی تریش پێی وابوو ها ئێستا لەسەری بکەوێ و نەکەوێ تا هەڵیگرێتەوە زۆری بە دوادا ڕۆیی کەچی کڵاو هەر نەکەوت.


@mzravilka


ڕۆیشتن بە ڕێگای مینڕێژکراودا.

#مەلای حاجی ڕەسوی

لە ناوچەی ئێمە هیچ ڕێگایەک نەمابوو کە هاتووچۆی پێدا بکرێت بۆ باشووری کوردستان هەموو ڕێگاکان تێل دڕوو، مین ڕێژکراو بوون، دەگەڵ برادەرێکی خەڵکی ئاوای خۆمان (مامکاوێ) بە لای هەڵشۆیەدا شەکرمان بار کرد بردمان بۆ ڕانیە، شەکرەکەمان فرۆشت ویستمان بە هەڵشۆیەدا بگەڕێینەوە، برادەرێک گوتی ئەگەر دەچنەوە ڕێگای دۆڵەتوێ بۆتەوە، ئەو شەو کاروان لە دۆڵەتوێ ڕا هات بۆ سونێ، زۆرمان پێخۆش بوو، چونکە ڕێگای دۆڵەتوێ بۆ ئێمە نیزیک و خۆشتر بوو.
هاتین بۆ سونێ پرسیارمان کرد کاروانی دۆڵەتوێ هاتووە بۆ ئێرە؟ گوتیان بەڵێ شەوی ڕابردوو کاروان هات قەرارە ئەو شەویش بێت، ئێمەش لەوێ ماینەوە چاوەڕوانی هاتنی کاروان بووین، سەعاتێکی شەو چوبوو کاروان هات، پرسیارمان لێ کردن بە کام ڕێگایەدا هاتوون؟ گوتیان بە ڕێگای قەدیمدا هاتووین، ڕێگای ئەسڵی دواوێ دۆڵەتوێ، ئێمەش دوو وەڵاخمان بۆ سواربوون بە کرێ گرتن کاتێک کاروان گەڕایەوە دەگەڵ کاروانی وەڕێ کەوتین،گەیشتینە بێدەلان تاقمێک وەڵاخدار پێشتر ڕۆیشتبوون گەڕانەوە، گوتمان ئەوە بۆ گەڕانەوە؟ گوتیان وەڵڵا لە شوێنی مین ڕێژکراوەکە مینێک لە ژێر ئێسترێک تەقی نەوێراین بڕۆین، زۆرمان پێ سەیر بوو دوو شەو بوو کاروان بەو ڕێگایەدا هاتووە و چۆتەوە ئەو مینە تا ئێستا لە کوێ بووە؟
یەکێک گوتی کوڕە هیچ نییە هەر ئەو دانەی لێ مابووە ئەویش تەقی، ڕۆیشتین گەیشتینە شوێنەکە، سێ چوار وەڵاخ ڕۆیشتن یەک دانەی دیکە لە ژێر ئێستری مستەفای خاڵ بابەکرم دا تەقی، دووبارە دە دوازدە نەفەر مابووین دەرنەچوین گەڕاینەوە، مەحموودی برایماغای هات گوتی ئەوە بۆ گەڕانەوە؟ گوتمان ئەوە دوو مین تەقین پڕ لە مینە.
کوڕە گوتی لاچن لا مینی چی وەرن بەدوامدا، بە دوای ویشدا گەڕاینەوە، کاک مەحموود دەگەڵ سێ چوار نەفەری دیکە ڕەت بوو، یەک دانەی دیکە لەژێر ئێسترێ برایمە سووری ئاغەڵاندا تەقیەوە، برایمە سوور هاواری کرد گوتی جێم مەهێڵن من بۆ خۆشم بریندار بووم، بەڵام کە سەیرمان کرد تەنیا خیز و خۆڵی وە دەمووچاوان هەڵپڕژیبوو جێگای مەترسی نەبوو، شەش حەوت نەفەر مابووین ڕەد بین نەماندەزانی چ پکەین، ئەو سێ وەڵاخانەی مینیان لە ژێر لاقیان تەقیبۆوە هەر سێکیان لە ناوە ڕاستی ڕێگاکەدا کەوتبوون هەر فشەفش و ناڵە ناڵیان بوو، ئەو وەڵاخانەی ئێمە لەبەر ئەوان نەدەوێران بڕۆن کە سواریان دەبووین پشتاو پشت دەکشانەوە دواوە بۆ پێشێ نەدەڕۆیشتن، مەجبوور لێیان دابەزین ڕاماندەکێشان بۆ خۆمان دەپێشیان دادەڕۆیشتیین، هەموو جارێ کە هەنگاوم هەڵدەهێنا دەمگووت ئەو لاقەم نا ئەو لاقەم دەچێتە سەر مین، بەڵام باش بوو هەر ئەو سێ مینانەی لێ مابوون چیتر نەتەقین،
بەو شێویە نەجاتیمان بوو و هاتینەوە.

@mzravilka


#shima
کچێک لە باوکەکەی پرسی:
ئەرێ بابە تۆ کە کارناسی و پیاوی یاسای، بەڕای ئێوە بۆ ژنان ناچارن بۆ مێردەکانیان چێشت ئامادە بکەن؟
باوکی وەڵامی دایەوە:
کچم، چونکە لە پەیماننامەی ژێنێڤ، کە ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیییە نووسراوە، کە دەبێت بە دیل و بەندی خواردەمەنی بدرێت.


@mzravilka


بەخێر هاتی


سەگەلی ئاوایی دەوەڕین ـ سەگەكانی ماڵێیان تۆپاندبوو ـ كەلاكیان لە حەوشە كەوتبوو. جاروبار زرم و كوتی سمی ئەسپی ئۆقرەلێبڕاو دەهاتن، قاوقیژ و جیك و فیكی جووچك و مریشكی ترساو وڵاتی داگرتبوو... باش چاوشی1 و توركێك، بە ڕاكێش ڕاكێش مێرمنداڵێكیان لە كادێنێ دێنا دەرێ، ژنێك خۆی بەسەر كوڕیژگەكەدا كێشابوو و خۆی كردبووە قەڵغانی و هاواری دەكرد و لەگەڵ هاواركردنەكەیدا جاروبار دەپاڕاوە و هێندێجاریش جوێنی دەدا.
كوڕیژگە و داپیرە خۆیان بە عەرزییەوە مەڵاس دابوو ـ هەستیان بە مەترسییەكە كردبوو... داپیرە ئەزموونی هەبوو، منداڵەكە نێرینە بوو، مەترسیدار بوو، منداڵەش، وارسكەی وای پێ دەگوت. باش چاوش ئەفەندی جارێ بە قوونە تفەنگ و جارێ بە نووكە شەق دەیبزواندن... چەند كەسێك لەولاوە زراوچوو راوەستابوون، ژنەكان دەگریان، دەپاڕانەوە، باش چاوشی و سەربازێكی تورك پێشیان گرتبوون، كچۆڵەیەك خۆی بە دایكییەوە نووساندبوو، دایكە بە دەستێك لە سینگی خۆی دەدا و دەموچاوی دەڕنی و بە دەستەكەی دی كچۆڵەكەی گرتبوو ـ ڕەنگی بە ڕوخسارەوە نەمابوو و سیس ببوو، داپیرە هەروا خۆی بەسەر نەوەكەی كێشابوو و نەوەكەی دەیزیڕاند و ئەو هاواری دەكرد و باش چاوش ئەفەندی بە نووكە شەق و قوونە تفەنگ هەر هەوڵی دەدا... لە داخان و لە شەكەتیان پێستی دەموچاوی بە ئێسكی روومەتییەوە نووسابوو، چاوی زەق دەرپەڕیبوون... هانكەهانكی بوو. ئاخری كە لە تێهەڵدان و لێدان ماندوو بوو، تفەنگی خستە سەر پێ و لوولەكەی بە ژێر كڵۆنجەی پیرێژنەدا برد و بە لاسەری منداڵەوەی نا و پەلەپیتكەی ترازاند...
دەنگەكە لە تاریكیی شەوێ گەڕا و دەنگی زریكەیەك كە هیی مرۆ نەبوو، وەكوو لوورەی گورگێكی پێكراو دڕی بە هەوا دا ــ لەگەڵ هاوار و قیژەی بەرز و كورتی دەوروبەر... و دوورتر سەوەڕی سەگەلی گوند.... ماڵی ئاغا لە قەراغی دێ بوو.
ئەم كاكۆفۆنییە2، مۆسیقای راگەیاندنی هاتنی حكوومەتی مستەفا كەمال بوو: "ئەتاتۆرك، "باوك"ـی توركان و زڕباوكی كوردان.
پیاوانی گوند لە ئارارات بوون، كۆماری ئارارات لە ئاخروئۆخری خۆیدا بوو، شۆڕش لە دوا رۆژەكانی تەمەنیدا بوو. سەرباز، پێشتر سیپاڵی ماڵەكەیان فڕێ دابووە دەرێ، كۆز و دانگەكانیان بەتاڵ كردبوو.... مەلای گوند، بە قوڕئانەكەیەوە، وەكوو باڵوێزی دەوڵەتێكی چاولەدەست و بەزیو لە دانوستانی تەقەوەستاندن، بە ترس و لەرزەوە لەبەر باش چاوش ئەفەندی دەپاڕاوە و بەدەم پاڕانەوەكانییەوە جاروبارەش چەند ئایەتێكی قوڕئانی كەریمی دەكردە تكاكار... ژنان لە سەر و سینگی خۆیان دەدا و دەموچاویان دەڕنی. "خانم" ـ دایە گەورە ـ لە هۆش چووبوو. كچۆڵە خۆی بە داوێنی دایكییەوە نووساندبوو، دایكە ئارا و قارای نەبوو و لەبەر سائیم بەگ دەپاڕاوە ڕێی بدا تاوێك، خولەكێك، چركەیەك تەنیا چركەیەك جگەرگۆشەكەی ببینێ. بە ئەمری باش چاوش ئەفەندی پیرەپیاوێك و پیرێژنێك بە ترس و لەرز و دڕدۆنگییەوە لە خەڵكەكە جیا بوونەوە و تەرمی منداڵەكەیان هەڵگرتەوە، ساتێك دواتر، بە نیگای تۆقیوەوە چاویان بڕییە روخساری باش چاوش ئەفەندی كە بزانن چیی لێ بكەن... دیسان بە دڕدۆنگی كەوتنە ڕێ... دڕدۆنگ، لە ترسی ئەوەی نەكا لە پشتەوەڕا تەقەیان لێ بكەن.
رۆیشتن و دایكە بە هاوار و داد و بە نیگا و گیان و رۆحی لەگەڵیان و چاوی بەدوویانەوە، لە خۆی دا، رای كرد، خۆی ڕنی، بەڵام سەرباز ئەفەندی نەیهێشت. ژنە لە خۆی دا، زریكاندی و روومەتی ڕنی... مەلا بە قوڕئانەكەیەوە بە دووی مەیتهەڵگرەكاندا وەڕێ كەوت... و دایە دیسان لە بانگی دا... و لە خۆ چوو... ئەوە، بەرەبەیانی هاتنی حكوومەتەكەی مستەفا كەماڵ بوو، ئەتاتۆرك، باوكی توركان و زڕباوكی كوردان.
سائیم بەگ و باش چاوش ئەفەندی زۆر سەرقاڵ بوون: بە جڵەوكێشیی سائیم بەگ، نەوتیان بە هێندێ شوێنی ماڵەكەدا كرد.. باش چاوش ئەفەندی شقارتەی كێشا، ئاگر كڵپەی سەند... و بڵێسە هەستا و تاریكیی شەوەكە گەچڵا... ژن زریكاندیان... ئەو ئاگرەگەمەیە بە بۆنەی هاتنی حكوومەتەكەی مستەفا كەمال بوو ـ ئەتاتۆرك، باوكی توركان و زڕباوكی كوردان.
كچۆڵە هێور بوو... مات و سەرسام خۆی بە داوێنی دایكییەوە نووساندبوو و بە چاوی ترساوەوە پەنجە گەورەی دەمژی.
"خانمێ" نەوەی رۆستەم بەگ بوو؛ پاڵی بە ئەژنۆی پیرەپیاوەوە نابوو؛ كەڵەموستی پێی چەپی گرتبوو و منداڵانە خۆی رادەژاند و لەگەڵ خۆی قسەی دەكرد و جار نە جارێكیش پرسیاری باباغا كاوس و مامەسواری بە بابا غا دەكرد:
"چوونەتە شاری رۆڵە."
"چوونەتە دیار بەكر؟"
"ئەدی كچم."
"ئەی كەی دێنەوە؟ كەوشی سوولی چووكەم بۆ دێنن؟"
"ئا كچم، خۆ گوتم ئەگەر ئاقڵ بی، باش و خانم بی، بۆت دێنن."
كچە كەڵەموستی پێی بەردا و قیت بۆوە و خۆی وەك خانم و خاتوونان لێ كرد.
"... ئەگەر هاتنەوە و تۆ خەوتبووی، خۆم كەوشەكانیان لێ وەردەگرم و لە بن سەرتیان دادەنێم... باشە؟"


نووسینی دوکتور برایم یونسی لە کتێبی "بەخێر هاتی"

وەرگێڕانی ڕ سوڵتانی و لە کاناڵی تێلگڕامی بەڕێزیان وەرگیراوە


@mzravilka


#✍کەرەم کاکەوەیس - کەرکووک

موتەنەبی لە شیعرێکدا دەڵێت: بە چاوی خۆم دیم گورگ مێروولەی دەدۆشی و شیری لێ دەردەهێنا و دەیخواردەوە!
ئەمە ڕاستترین و گەورەترین درۆی شیعرە. چونکە نە مێروولە شیری هەیە و نە گورگیش شیر دەدۆشێت. بەڵام ڕاستییەکی تیایە ئەویش ئەوەیە:
موتەنەبی دەڵێت: ڕۆژێکیان لە بازاڕی کووفە بووم ژنێك ماسیی دەفرۆشت. پیاوێکی دەوڵەمەند و خراپەکار هات، وتی: ماسی بە چەندە؟ ژنەکەش وتی: کیلۆی بە پێنج درهەمە. پیاوەکە: وتی نا بە درهەمێك. ژنەش وتی: بەڕێزم ماسییەکە هی خۆم نییە، ناتوانم بیفرۆشم بە پێنج درهەم نەبێت. پیاوەکە وتی دە کیلۆم بدەیە. ژنەکە دڵخۆش بوو، وایزانی پەنجا درهەمی دەداتێ! کاتێك پیاوەکە ماسییەکانی وەرگرت، دە درهەمی پێدا و ڕۆیشت. هەرچەندە ژنەکە هاواری کرد گەورەم، گەورەم. دەگریا و بانگی دەکرد،  پیاوەی دەوڵەمەندە وەڵامی نەدایەوە. منیش بانگم کرد، هەر وەڵامی نەدایەوە. بۆیە ئەم دێڕە شیعرەم وت: بە چاوی خۆم گورگم بینی مێروولەی دەدۆشی، شیرەکەی دەدۆشی و دەیخواردەوە. مەبەستم لە گورگ ئەو پیاوە دەوڵەمەندە بوو. مێروولەش ئەو ژنە بەستەزمانە فرۆشیاری ماسییە بوو..
لە عەرەبییەوە وەرمگێڕا.



@mzravilka


زل کردنەوەی پیاوی بچووک

#✍عیسا ئەحمەدی

مامۆستا بەر لە بانگی بەیانی، ڕێگای مزگەوتی گرتەبەر. لەنێو کۆڵان تووشی بوو بە تووش کابرایەک کە سواری گوێدرێژێک ببوو. کابرا خێرا دابەزی و دەستی مەلای ماچ کرد و بە مل‌کزییەوە وتی: قوربان! دنیام بە تاریکی زانیوە، لای بەڕێزتان بە ڕووناکی. خێزانم نەخۆشە. نەوەک ڕۆژی گەشم ڕەش بێت و نازی منداڵانم بشێوێت. بەڵکو تەشریف بێنی و بەو دەم و نفووسە پیرۆزەتان یاسینێکی بەسەردا بخوێنی. مەلا وتی: باشە بەڵام ڕاوێستە تا بچمەوە ماڵەوە و خێزانی ماڵ ئاگادار بکەمەوە. کابرا وتی گەورەم! فریا ناکەوین، تکایە با هەر ئێستا بڕۆین. بۆیە دەستبەجێ مەلای سواری گوێدرێژ کرد و بەرەو دێهاتی ماڵە کابرا وەڕێ کەوتن. چێشتەنگاو گەیشتنە ماڵی کابرا. ژنە لە نێو جێدا، نیوەگیان کەوتبوو. منداڵان بێدەنگ دورەیان دابوو. پاش ئەوەی مەلا دەستی بە دوعا و یاسین کرد، ژنە چاوی کردەوە و دەستی کرد بە گریان. وتی: لە خەودا پێیان گوتم هەستە، لەم کاتە بەولاوە تۆ ئێش لە لەشتا نەما. جا ئەو ژن و مێردە شانی مەلایان ماچ کرد و چەند ڕۆژ خزمەتی مەلایان کرد. مەلا خۆی هەر سەری سووڕ مابوو کە من بەم سارد و سڕییە، ئەم کەشف و کەراماتەم چۆن بۆ هات؟
پاش سێ ڕۆژان کابرا وتی: گەورەم! مامێکی نەخۆش و زەلیلم هەیە لە دێهاتی لای خوارەوە. تکایە سەردانێکی ئەویش بفەرموون. مەلا هێشتا ئەرێ و نەرێ نەگوتبوو، کەرە شین دووبارە کورتان کرا و بەرەو دێهاتی لای خوارێ وەڕێ کەوتن. پیرەپیاوێک لە نێو جێوبان ڕەنگی مردووی لێ نیشتبوو. کاتێ ئەم دەستی کرد بە دوعای خێر، پیرە پیاو لە نێو جێ قنجەوە بوو. وتی: لە بیری خۆمدا دەمگوت تازە من لە زمهەڕی ئەمساڵ ناخۆم، کەچی ئێستا حاڵم باشە و برسیمە. دیسان لەوێش دەستی پیرۆزیان زیارەت کرد و ئەوانیش چەند ڕۆژ خزمەتی مەلایان کرد. مەلا وردە وردە بڕوای بە خۆی کرد کە پیاوێکی زۆر موبارەکە. پاش سێ ڕۆژان وتیان لاوێکی خزممان، پاییزی پار لە سەر دارەگوێز بەربۆتەوە و ئێستا ئیفلیجە. بەڵکو دۆعایەکیش بۆ ئەو بفەرمووی. جا دیارە هەر تەشریفی برد، لاوەکە بوو بە گوێزی ئازا.

وەلحاسڵ مەلا دە، دوازدە ڕۆژ لەو ناوچە مەحتەل بوو. ڕۆژی ئاخر وتیان:ڕۆحمان بە ساقەت! هەتا قەراخی شار لە خزمەتی بەڕێزتین. مەلایان بە سڵاو و سڵاوات بەڕێ کرد. لە ڕێگاش هەر وەعزی دەدا. لە نزیکی شار بۆ دوایین جار دەستی مەلایان زیارەت کرد و ماڵئاوا.

لە دەروازەی شار، خزم و کەس و کار پێشوازیان لە مەلا کرد. دەیانگوت: هەر ئەوەی کە خۆت بە ساغی گەرایتەوە و نەیانکۆشتووی، ئێمە هیچمان ناوێ. پارە فیدای سەرت. ئێمە هەر وادەزانین هیچ پارەیەکمان نەداوە. ئابروومان لە مەترسیدا بوو. مەلا پێی سەیر بوو. وتی: پارەی چی؟ پارەتان بە کێ داوە؟ بۆ داوتانە؟ وتیان: وەڵا هەر ڕۆژی هەوەڵ کە نادیار بووی، جەماعەتێ دز و چەتە هەواڵیان ناردبوو کە مەلامان دزیووە و هەتا ئەوەندە پارەمان بۆ نەنێرن، مەلا بارمتەیە و پاش دە ڕۆژ ئەگەر پارە نەگات، دەیکووژین. بۆیە ئێمەش هەرچەندەیان گوت، بۆیانمان نارد و بڕیاریان دا ئەمرۆ بەرەڵات بکەن. ئەوا شوکور بە ساغی گەڕایتەوە. مەلا تازە زانی چ خەنەیەکیان کردۆتە ئاو بۆی!

کاتێ دەست لە گۆچان درێژتر گەیشتەوە ماڵ، مەلاژن پرسیاری کرد: ئەرێ لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژە چیت دەکرد؟ مەلا بە دەم پێکەنینێکی خەماوییەوە وتی: لە نێو جەماعەتی دز و درۆزن  موعجزاتم دەفەرموو.

توفیق الحکیم/قاهرە ١٩٤٧/مهدی غبرایی

خوێنەری خاوەنبیر!

ئەگەر له کۆمەڵگا مرۆڤێکی بچووکیان گەورە کردەوە، ئەوە ئاسایی نییە. دیارە کۆمەڵێک دز و دەسبڕ دەورەیان داوە و دەیانەوێ گێرفانی خەڵکی پێ داتەکێنن و بەو شێوە کەڵبە لە جەستەی کۆمەڵگا گیر کەن.

بەزم لەوەدایە کە ئەو کەسە وردە وردە خۆشی باوڕ بەو قسانە دەکات. یان پێیخۆشە لە پێش چاوی خەڵک وا دەرکەوێت. بەڵام دەبێ ئەوە بزانێت قشقەڕەش بە خۆڕایی پشتی گامێش ناخورێنێت.

هەروا کە لە ژیانی تاکەکەسیماندا وریاین کە کڵاومان لەسەر نەنێن، دەبێ وریای کۆمەڵگاش بین کە نابەجێ گیلە پیاوان لەجێی گەورە پیاوان دانەنێن.

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/١٠/٢٩


چیرۆکی ڕەسووی جوانمێری مامکاوێ
#✍مەلای حاجی ڕەسوی
کاک ڕەسوو گوتی: چوبووم بۆ کورێ خشتان بۆلای تارانێ.
خێزانم دوو گیان بوو، لەوێ منداڵێکمان پەیدابوو.
هاتمەوە ناسنامە بۆ منداڵەکەم وەرگرم، بەیانی زوو چووم بۆ سەردەشتێ بێجگە لەکاری ناسنامەکە کاری دیکەشم زۆربوون، دەبوایە زۆر بەخێرای کارەکانم پکەم دەنا فریای ماشێنی تارانێ نەدەکەوتم بگەڕێمەوە.
خێرا خێرا لەوێ بۆ وێ و لەوێ بۆ وێ دەهاتم و دەچووم زۆر مشەوەش بووم. لە سەپتووئەحواڵی ڕا ناردیانم بۆ بانکی فیشێک وەرگرم زۆریشی نەمابوو بانک دابخرێ بڵیتی ماشێنی تارانێشم وەر نگردبوو، زۆر بە حەجەلە بەرەو بانکی دەڕۆیشتم، لەو پڕتاویەمدا لە سەرچاوێ یەکێک دەستی بۆ درێژ کردم گوتی کاک ڕەسوو بەخێرێیەوە، ئەوە کەی هاتوویەوە، کابرام نەدەناسی دەستم خستە ناودەستی وخێراخێرا وەڵامی چاکوچۆنیەکەم دەدایەوە، هەوڵم دەدا دەستم لەناو دەستی بێنمەدەر کابرا دەستی بەر نەدەدام، زۆرم قین لێ هەستابوون، لەدواییدا گوتی کاک ڕەسوو ئی دەماڵێ خدری مە چۆنن؟ گوتم وەڵلا نازانم ئیدە ماڵێ خدری وە کێن؟ پێکەنینێکی خۆشی بۆ کردم و گوتی کاک ڕەسوو ئەوە بۆ ئاوای؟ نامناسی؟ چاوێکم پێداخشاند گوتم وەڵلا دەڵێی دیتوومی بەڵام شەرتبێ ناتناسمەوە، کوڕە گوتی ڕەحیمم ڕەحیم چۆن نامناسی؟ تۆزێک هاتمەوە سەرەخۆ سەریردەکەم ڕەحیمی مستەفای جیرانمانە. گوتم کاک ڕەحیم بەو خوایەی ئەوەندە بە پەلەم هۆشم باش کار ناکات.
بە داخەوە باروو دۆخێکمان بۆ هاتۆتە پێش بە ڕاکە ڕاک بۆ ژیانێکی نەمرد نەژی وامان لێهاتووە جیرانەکانی خۆمان نەناسینەوە.

@mravilka


بەڵام دیمەنی کۆتایی ئەم چیرۆکە، گەلێک خەفەت‌هێن و تراژدییە. فایتوون بە لەز جادە دەبڕێ و خەپەتۆڵە غەمگین و برسی لە گۆشەیەک کرووشم هەڵاتووە و سەیری جەماعەتێک دەکا کە دوێشەو بە ئاشکرا "دەڵاڵی"یان دەکرد و ئافرەتی نیشتمانیان دەخستە جێ‌وبانی سەرکردەی دوژمنەوە، کەچی ئیمڕۆ بەیانی، وەک نە بایان پێدا هاتبێ و نە باران، بە دەم خواردن و خواردنەوە باس لە خوا و داوێن پاکی و ئازادی و سەرفرازیی نیشتمان دەکەن.
دوو مووپاسیان لێرەدا دەڵێ: ئەلیزابێت ئافرەتێکی پاک و مێهرەبان بوو کە کەوتبووە ناو کۆمەڵێک لەش‌فرۆشی ڕاستەقینەوە!
سەرچاوە:
1.یادداشتێکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی فارسی و بە ناوی "گناه مؤمنانه"، لە نووسینی "امید فراغت"
2.سرگذشت ترجمەهای من، نوشتە محمد قاضی
@mzravilka


خەپەتۆڵە و حەکایەتی جانتای نیشتمان
✍عەبدوڵڵا سەمەدی - مەهاباد

ڕووداوی چیرۆکی «خەپەتۆڵە» دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی نێوان فەرەنسە و پرووس. لەم شەڕەدا کە لە 4ی ئووتی 1870 دەستی پێکرد، سپای فەرەنسە شکا. «گی دوو مووپاسان» چیرۆکنووسی ناوداری فەرەنسی، چیرۆکێکی کورتی لە سەر دیمەنێکی ئەو ساڵانە نووسیوە، کە وەرگێڕی گەورەی کورد «محەمەدی قازی» بە فارسی وەریگێڕاوە و خۆی ناوی «تُپُلی/ تۆپۆلی» لە سەر داناوە، کە بە مانای «خرپن» و «خەپەتۆڵە»یە. ئەم وەرگێڕانەی محەمەدی قازی لە مەودای نێوان ساڵانی 1967 تا 1993، سێ جار چاپکرایەوە.
دەورگێڕانی چیرۆکەکە، بریتین لە چەند کەسێکی چینە بەرچاوەکانی کۆمەڵگای فەرەنسە، کە لە ڕاستیدا وەک نوێنەری فەرەنسەیەکی بچووک لە کالیسکەیەکدا دەکەونە لای یەکتر. یەکیان ئافرەتێکی لەش‌فرۆشە بە ناوی «ئەلیزابێت ڕوویسەت» یا هەمان خەپەتۆڵە؛ و ئەوانی دی بەم جۆرەن: نەجیبزادەیەکی کۆنت، ژن و مێردێکی دووکاندار لە چینی ناوەندی، کارخانەدارێکی دەوڵەمەند و هاوسەری، ڕووناکبیرێکی کۆماریخواز، دوو ئافرەتی ڕەبەنەی تەرکەدنیا و چەند ئاغا و دارای تر کە لە هێرشی دوژمندا ماڵ و دارایی‌یان لە مەترسی کەوتووە و لە هەوڵی پاراستنیدان. ئەو نیشتمانەی ڕۆژێک ناوی «فەرەنسە» بوو، ئێستا ببووە جانتایەکی پڕ لە بەڵگەی بانکی و سفتە و حەواڵە و پارە و سووڕەتی زێڕ. بەمجۆرە، کون‌بەکون ڕایاندەکرد و ئامانجی گەورەیان دەربازکردنی سەری خۆ و زێدە بچووک و خۆشەویستەکەی دەستیان بوو.
ئەمانە بە ڕواڵەت و لە کاتی ئاساییدا، بڕوای توند و تیژیان بە دابە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێبازە ئایینی و ئەخلاقییەکان هەبوو و لە سەری سوور و شین هەڵدەگەڕان؛ بەڵام ئەگەر هاتو نیشتمانە جانتاکەیان لە مەترسی کەوت، نە هێڵی سوور دەمێنێ و نە ئەفسانەی باوەڕ و ئەوین. بۆ پاراستنی جانتای نیشتمان پەنا بۆ هەموو سووکەڵە و ناچیزە و ناکەس‌بەچەیەک دەبەن و دەستیان ڕادەمووسن و دەیانکەنە داڵدە و پەنا. لە هەمان کاتدا کە لە غەم ڕەخسان و جانتایان دەرباز بوو، یەک‌ودوو دەگەڕێنەوە سەر دۆخی جاران و بە چاوی زەق و سینگی لەپێش و دەنگی دلێر لەم و لەو دەخوڕن.
«خەپەتۆڵە»ی لەش‌فرۆش، کە بەرهەمی دەستی کۆمەڵگای سەقەت و دەسەڵاتی زاڵی چەپەڵە، خاوەنی گەلێک تایبەتمەندی و ئاکاری باشیشە. لە بڵند و نەویی ڕۆژگاردا دەردەکەوێ کە سەرەڕای هەڵە و لارییەکانی، هێشتا سەر و باڵایەک لە نیشتمان‌فرۆشانی جانتا لە باوەش ژوورترە. ئەو بە پێچەوانەی هاوسەفەرەکانی، کەسایەتییەکی یەکڕەنگ و بێ‌دەمامکی هەیە. لەبنەوەبڕ و حیسابگەر نییە و گوێشی بە شاتوشووت و لێکدانەوەی سیاسییەکان نابزوێ. لە کاتێکدا هاوڕێیانی لووت‌بەرزی، حەز و ئارەزووەکانی خۆیان سەرکوت دەکەن و خواردەمەنییەکانیان لە یەکتر دەشارنەوە، خەپەتۆڵە پرێسکەی توێشوو دەکاتەوە و خوڵکی هاوسەفەرانیشی دەکا.
میوانەکان کە هەر لە سەرەتاوە ڕوویان نەدابوویە خەپەتۆڵە و بە قێزەوە سەیریان دەکرد و بە هاوشانی خۆیان نەدەزانی، لووت لە میوە و خواردەمەنییە خۆشەکانی وەردەگێڕن.
لە ناکاو سەرنشینانی فایتوونی سەرلێشێواو بە هۆی تەم‌ومژی ناوچەکە، بێ ئەوەی بەخۆ بزانن کە کەوتوونە سنووری سپای داگیرکەرەوە، بۆ مەزڵی شەوانە لە میوانخانەیەک دادەبەزن و لە سەربازانی ئاڵمانی هەڵدەنگوون.
ئەفسەری فەرماندە سەرجەم لە هۆدەیەکدا زیندانییان دەکا. پاشی دوو ڕۆژ، فەرەنسییەکان داوای دیتنی فەرماندە دەکەن و هۆی زیندانی بوونی خۆیانی لێ دەپرسن. فەرماندە  لە وەڵامدا دەڵێ: مەرجی ئازادیتان ئەوەیە کە خەپەتۆڵە یەک شەو لە لای من بخەوێ!
ئیتر لەمە بەدواوە گێرە‌وکێشەی چیرۆکەکە دەست پێدەکا و گەورە و گەورەتر دەبێتەوە، بەڵام خەپەتۆڵە بە هیچ کلۆجێک ڕازی نابێ خۆ ڕادەستی دوژمنی نیشتمانەکەی بکا.
هاوڕێیانی کالیسکە‌نشین سەرەتا لەم داوا بێ‌شەرمانەیەی فەرماندە تووڕە دەبن و داکۆکی لە خەپەتۆڵە دەکەن، بەڵام لە درێژەدا کە وردە وردە دەبینن چارەنووسی «جانتای نیشتمان» دەکەوێتە مەترسییەوە، شل دەبنەوە و دەکەونە پاکانە کردن. ئێستا ئەو کەسانەی تا دوو ڕۆژ پێشتر لە شانازی و سەرفرازی دەدوان، دەستەوداوێنی خەپەتۆڵە دەبن تا ئەم گرێ‌کوێرەیان بۆ بکاتەوە و سەبارەت بە (نیشتمان) بیانوو لە فەرماندەی دوژمن ببڕێ و تاکە شەوێک لە لای بخەوێ و بەس!
بەمجۆرە، هەموو ئەو ژیر و ڕووناکبیر و دەوڵەمەند و تەرکەدنیا و بازرگانانەی قێزیان لە پیشەی دزێوی لەش‌فرۆشی دەهاتەوە و ڕوویان لە خەپەتۆڵە وەردەگێڕا و لافی بەرگری و خۆڕاگرییان لێدەدا، ئێستا خەریک بوون ڕێگای لەش‌فرۆشییان بۆ ئافرەتی هاوڕێ خۆش دەکرد و تەنانەت بەڵگەی ئایینی و ئەخلاقی و سیاسییان بۆ لێکدەدایەوە؛ تا ئاخر ناچاریان کرد خۆ بە دەستەوە بدا.


گەڕانەوە
حەمەسەعید حەسەن

دێمه‌وه‌ و دڵ نه‌ک پێ
ده‌نێمه‌ سه‌ر خاکی خاوێنت
دێمه‌وه‌ و گشت گیانت ماچ ده‌که‌م
له‌ ته‌وقی سه‌رته‌وه‌ هه‌تاکوو داوێنت

دێمه‌وه‌ و هێنده‌ بۆ دیدارت
عه‌زره‌تی و تامه‌زرۆم
به‌ لێزمه‌ی فرمێسکم
ڕووخساری یه‌که‌مین گابه‌ردت
پاک ده‌شۆم

دێمه‌وه‌ و له‌ ئاوی سه‌رچاوه‌ت
تینوێتیی ساڵانی غه‌ریبیم ده‌شکێنم
دێمه‌وه‌ و به‌ شانه‌ی مژۆڵم
په‌رچه‌می ده‌وه‌نت دادێنم

دێمه‌وه‌ و به‌ گرد و چیاتا هه‌ڵده‌زنێم
دێمه‌وه‌ و چی شار و لادێته‌ ده‌گه‌ڕێم

دێمه‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌ شه‌که‌تم
به‌ردێکت ده‌که‌مه‌ بالیف و
لێی ده‌نووم
دێمه‌وه‌ و ڕۆحی پڕ حه‌سره‌تم
له‌ دار و له‌ به‌ردت هه‌ڵده‌سووم
*

20 last posts shown.